چەند تووشبوو و چارەسەربوویەکی شێرپەنجە لە سلێمانی بە کۆمەڵ وەرزش دەکەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
چەند تووشبوو و چارەسەربوویەکی شێرپەنجە لە سلێمانی بە کۆمەڵ وەرزش دەکەن. وێنە: رووداو
چەند تووشبوو و چارەسەربوویەکی شێرپەنجە لە سلێمانی بە کۆمەڵ وەرزش دەکەن. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

چەند تووشبوو و چارەسەربوویەکی شێرپەنجە لە پارکی ئازادی لە سلێمانی بە کۆمەڵ وەرزش دەکەن، ئامانجیانە بەرەنگاری شێرپەنجەکەیان ببنەوە و چاکبوویەکیش دەڵێت: ''خانمان نەترسن و بەگوێی پزیشکەکەیان بکەن''.
 
ئەم مانگە {تشرینی یەکەم}، مانگی هۆشیارییە لەبارەی شێرپەنجەی مەمک، خانمانیش دەیانەوێت بە وەرزش دژی شێرپەنجەکە بجەنگن.
 
بەندین ئەنوەر، تووشبوویەکی شێرپەنجەیە و بەشداریی ئەم وەرزشە بە کۆمەڵەی کردووە و دەڵێت: ''خانمان بە ئیرادە بن و نەترسن، بەگوێی دکتۆرەکانیان بکەن و شەکر و شیرینی کەمبکەنەوە''.
 
ئەو خانمە دەشڵێت، هەموو هەفتەیەک لە نەخۆشخانەی هیوا دوو رۆژ وەرزش دەکەم و هەموو پێداویستییەکانمان بۆ دابینکراون.
 
لە بەشێکی وەرزشەکەدا یۆگا دەکەن. بۆ ئەوەی لە رووی دەروونیشەوە ئاسوودەبن و بەهێزبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.
 
د. رەوەز سەڵاح، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا گوتی، داواکارم لە هەموو خانمان بەتایبەت ئەوانەی سەروو 40 ساڵانن، ساڵانە مامۆگرافی بکەن بۆ ئەوەی ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک هەبوو لە مەمکدا بدۆزریتەوە و چارەسەریش ئاسانبێت.
 
د. رەوەز سەڵاح لەبارەی وەرزش بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دەڵێت، هەر لە سەرەتای نەخۆشییەکە و تەنانەت لەسەرەتای وەرگرتنی چارەسەری کیمیاییش دەتواندرێت وەرزش بکرێت، چونکە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەو دەرمانانە کەمدەکاتەوە.
 
چاکبوویەکی شێرپەنجەی مەمک، داوایەک ئاراستەی خانمان دەکات و دەڵێت، بچن پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە بکەن، بۆ ئەوەی زوو دەستنیشانی نەخۆشییەکەیان بکرێت.
 
هاوکات ڤیان کەریم، چارەسەربوویەکی شێرپەنجەیە و بە رووداوی گوت، پاڵپشتیی خێزانی زۆر گرنگە لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە.
 
بەپێی دوایین ئاماری نەخۆشخانەی هیوا، لە 10 مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا 415 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمارکراون کە بەراورد بە هەمان ماوەی ئەم ساڵ ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 479 تووشبوو.
 
ئێستاش بچووکیی نەخۆشخانەکە و کەمیی دەرمان کێشەی سەرەکیی کارمەندان و نەخۆشانی نەخۆشخانەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە