توێژینەوەیەک: یاریی Call Of Duty دەبێتە هۆی نەخۆشیی دڵ

14-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

توێژینەوەیەک دەریدەخات کە یارییە ئەلیکترۆنییەکانی وەکو Call Of Duty دەکرێت ببنە هۆی نەخۆشیی مەترسیدار و دەڵێت، بەشێکی گەیمەران بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری تەندروستیی هارت ریزم-ی سەر بە چاپەمەنیی ئێلسیڤەری هۆڵەندی بڵاوکراوەتەوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە بەشێکی منداڵان لە کاتی ئەنجامدانی یاریی ئەلیکترۆنی "ئاگایی"یان لەدەستدەدەن.
 
توێژەران هۆشداریدەدەن لەوەی کە ئەو یارییە ئەلیکترۆنییانەی ستایلی یاریکردنی Multiplayer یانیش ئەو یارییانەی زیاتر لە کەسێک تێیدا بەشدارن وەکو Call Of Duty  و PUBG زیاتر لە هەر یارییەکی دیکە بوونەتە هۆی تووشبوون بەو بارە تەندروستییە. هەروەها داوا لە دایکان و باوکان دەکەن ئەو منداڵانەی بەشێوەیەکی کاتی تووشی لەدەستدانی ئاگایی دەبن پیشانی پزیشکێکی تایبەتمەندی دڵ بدەن. 
 
دکتۆر کلێر لۆلی، سەرمەشقی توێژینەوەکە و پسپۆری نەخۆشییەکانی دڵ لە ئوسترالیا دەڵێت: "دەکرێت یارییە ئەلیکترۆنییەکان مەترسیی راستەقینە بن بۆ تووشبوونی منداڵان بە ناڕێکیی لە ترپەکانی دڵ. دەشکرێت ئەمە ببێتە نەخۆشییەکی کوشندە بۆ ئەو نەخۆشانەی بەدەست ناڕێکیی لە ترپەکانی دڵەوە دەناڵێنن و پێشتر نەخۆشییەکەیان دەستنیشان نەکراوە." 
 
لۆلی ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو منداڵانەی لەکاتی ئەنجامدانی یاریی ئەلیکترۆنیدا لە پڕێکدا ئاگایی لەدەستدەدەن، دەبێت لەلایەن پسپۆرێکی نەخۆشییەکانی دڵەوە هەڵسەنگاندن بۆ تەندروستییان بکرێت، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، "دەکرێت ئەمە نیشانەیەکی سەرەتایی بێت بۆ دروستبوونی کێشەی جیدیی لە دڵی نەخۆشەکەدا."
 
لەگەڵ تیمەکەی، لۆلی پێداچوونەوەیان بۆ مێژووی توێژینەوەکانی پێشووی پەیوەست بەو بابەتەوە کردووە بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشانە دەستنیشان بکەن کە لە رابردوودا لەکاتی کردنی یاریی ئەلیکترۆنیدا، لەناکاو ئاگاییان لەدەستداوە.
 
لە 22 نەخۆشدا، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەوانەی تووشی نائاگایی دەبن، ئەوانەن کە یاریی شەڕ و جەنگی دەکەن، بەتایبەتیش ئەو یارییانەی کە لە کەسێک زیاتر بەشداریی تێدا دەکەن. توێژەران دەشڵێن: "بەشێک لەو منداڵانەش دواتر بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانیان لەدەستداوە". 
 
توێژەران باس لەوەش دەکەن، مەرج نییە تەنیا ئەو کاتە یاریکەرانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان تووشی ناڕێکی لە لێدانی ترپەکانی دڵ ببن کە تێیدا هەست بە خەمباری دەکەن، بەڵکو "ژمارەیەکی زۆری نەخۆشان لەو کاتەدا تووش بوون کە لە باری دڵخۆشیدا بوون و یارییەکەیان بردووەتەوە یان لە نێوەڕاستی یارییەکەدا بوون". 
 
کریستیان تێرنەر کەسێکی دیکەیە کە لە توێژینەوەکەدا بەشدار بووە و دەڵێت: "ئێمە هەر دەمانزانی کە هەندێ منداڵ کێشەی دڵیان هەیە کە ئەنجامدانی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی وەرزشی مەترسییان بۆ دروستدەکەن، بەڵام ئێمە تووشی شۆک بووین کە بینیمان لە هەندێ نەخۆشدا، ئەمە سەردەنێتە تووشبوون بە نائاگایی و مەترسی راستەقینە لەسەر ژیانیان دروست دەکات". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.