NHS: دەبێت پێش وەرزی سەرما منداڵان ڤاکسینی دژ بە ئەنفلۆنزا وەربگرن

رووداو - تەندروستی 

خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا NHS رایدەگەیێنێت، پێش دەستپێکردنی وەرزی سەرما دەبێت دایک و باوکان منداڵانیان ببەن بۆ ئەوەی ڤاکسینی دژ بە ئەنفلۆنزا و پەتا وەرزییەکانیان پێبدرێت.  
 
خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا ئاماژە بەوەدەکات، جیا لە پەتا وەرزییەکان، پێشبینی دەکرێت لە وەرزی زستان شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا بڵاوبێتەوە، بەمەبەستی پێشگیریکردن لە تووشبوون بەم پەتایانە و پاراستنی منداڵان دەبێت ڤاکسین وەربگیرێت. 
 
ستیڤ رۆسێل، بەڕێوەبەری بەشی کوتان و پشکنین لە NHS دەڵێت، ''ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا ساڵانە هەزاران کەس دەخاتە نەخۆشخانەکان، کوتان یارمەتیدەردەبێت لە پاراستنی هاووڵاتییان''. 
 
بەگوێرەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا NHS، ڤاکسینی دژ بە ئەنفلۆنزا وەکو سپرایەکی خێرا و بێ ئازار دەدرێت بە منداڵان، هەروەها بۆ یەکەمجار لەم ساڵدا ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسەدان RSV پێشکەش بە خانمانی دووگیان و گەورەساڵانی سەروو تەمەن 75 ساڵ دەکرێت.