بەهۆی بڵاوبوونەوەی 'ئاوڵەی مەیموون' کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەندروستیی گشتی لە ئەفریقا دوادەخرێت
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی مەغریب رایدەگەیێنێت، بەهۆی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تەندروستیی گشتی کە بڕیاربوو لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە مەغریب بەڕێوەبچێت دوادەخرێت.
وەزارەتی تەندروستیی مەغریب ئاماژە بەوەدەکات، بڕیاری دواخستنی کۆنفرانسەکە لەسەر داواکاری فەرمی جان کاسێیا، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەفریقایە.
وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە دەریدەخات، جان کاسێیا تیشکی خستووەتە سەر ئەو ئاستەنگییە تەندروستییەی رووبەڕووی کیشوەری ئەفریقا بووەتەوە، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێشگیریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە کاری لەپێشینە دەبێت.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، کۆنفرانسی ساڵانەی نێودەوڵەتیی تەندروستیی گشتی لە ئەفریقا سەکۆیەکە بۆ پەرەدان بە تەندروستیی گشتیی کیشوەرەکە و رێگەیەکە بۆ دروستکردنی سیستمی تەندروستیی پێشکەوتوو، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە دانەندراوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە مانگی ئاب بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون'ـی وەکو بارێکی نائاسایی تەندروستیی گشتی راگەیاند، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی 'ئاوڵەی مەیموون' لە چەند وڵاتێکی ئەفریقا.