زانکۆی کالیفۆرنیا: ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دوای وازهێنان لە جگەرەکێشان دادەبەزێت

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەوانەی بڕیاری وازهێنان لە جگەرەکێشان دەدەن، دەستبەجێ سوودی تەندروستی وەکو کەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەبینن. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، جگەرە و بەرهەمەکانی دیکەی تووتن دەبنە هۆی ناڕێکی لێدانی دڵ و ئەگەری گیرانی لوولەکانی خوێن زیاددەکەن کە دواجار ئەم گیرانەی لوولەکانی خوێن دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ، بەڵام بە وازهێنان لە جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە ئەم مەترسییانە کەمدەبنەوە. 
 
د. گریگۆری مارکۆس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''وازهێنان لە جگەرە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بەڕێژەی 18٪ کەمدەکاتەوە''.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، چارەسەری دەرمانی لەگەڵ پاڵپشتی رەفتاری، هەروەها بەکارهێنانی چارەسەری جێگرەوەی نیکۆتین وەکو بوپرۆپیۆن و سیتیسین بۆ وازهێنان لە تووتن پێشنیاز دەکات. 
 
بە پێی ئامرێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە هەشت ملیۆن کەس بەهۆی بەکارهێنانی تووتن لە جیهاندا گیانلەدەستدەدەن.