ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی: جۆرێکی شەکری دەستکرد ئەگەری خوێن مەین زیاددەکات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی دەریدەخات، 'Eryhtritol' کە جۆرێكی شەکری دەستکردە دەبێتە هۆی خوێن مەین، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاددەکات. 
 
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، دوای خواردنی 30 گرام لەم شەکرە دەستکردە رێژەی ئێریتریتۆڵ لە نێو خوێن بەڕێژەی هەزار ئەوەندە زیاددەکات، رێژەی پەرەکانی خوێن بەرزدەبێتەوە و بەمەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە زیاددەبێت. 
 
دکتۆر ستانلی هەیزن، سەرپەرشیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئامۆژگاری خەڵک دەکەم لە هەموو جۆرێکی شەکری دەستکرد دوورکەونەوە و ئەو بەرهەمانە نەخۆن کە ئەم شەکرانەیان تێدایە''. 
 
بەگوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، ئێریتریتۆڵ وەکو شەکرێکی کەم کالۆری بەکاردەهێندرێت، لە بەرهەمەکانی دایت زیاتر دەبیندرێت و خواردنی بڕێکی زۆر لەم شەکرە هۆکارێکی تووشبوونە بە کێشەکانی کۆئەندامی هەرس و نەخۆشییەکانی دڵ.