تەندروستیی دهۆک داوای دامەزراندنی 250 کارمەند دەکات

رووداو - تەندروستی 

کارەکانی نەخۆشخانەی گشتیی ئامێدی تەواوبوون و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆکیش بۆ نەخۆشخانەکە داوای دامەزراندنی 250 کارمەندی تەندروستی دەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئابی 2024 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک تایبەت بە رووداوی گوت، نەخۆشخانەکە 100 قەرەوێڵەییە و ئێستا لە قۆناخی دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکانن.
 
د. ئەفراسیاب مووسا ئەوەشی راگەیاند، پێویستیان بە 250 کارمەندی نوێی تەندروستییە و بۆ دابینکردنی پزیشکەکانیش لە دهۆکەوە بۆی دابیندەکرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت: ''هەوڵی جیدی دەدەین کە کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە خەڵکی ناوچەکە بن و کێشەی هاتووچۆیان نەبێت و دوای رەزامەندی؛ بە شێوەی ئۆنلاین فۆرمی دامەزراندن بۆ نەخۆشخانەی گشتیی ئامێدی بڵاودەکرێتەوە''.