د. ژینۆ خالید: هەندێک جۆری پلاستیک زیاتر لە هەزاران ساڵ لە سرووشتدا دەمێننەوە

رووداو - تەندروستی 

رۆژانە زیاتر لە هەزار تۆن پلاستیک و دەبەی ئاو لە هەرێمی کوردستان فڕێدەدرێن و پسپۆڕێکی پیسبوونی ژینگە رایدەگەیێنێت، زۆریی بەرهەمهێنانی پلاستیک وایکردووە کە مەترسیی پیسبوونی ژینگە زیاتر بێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئابی 2024 د. ژینۆ خالید، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە لە بوولتەنی کاژێر 14:00ـی رووداودا رایگەیاند، توێژینەوەیەکیان کردووە کە دەنکۆڵەی وردی پلاستیکییان لەنێو بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دۆزیوەتەوە کە لەوێوە تێکەڵ بە بەروبوومی ئاژەڵ و سووڕی ژیانی مرۆڤ دەبن. 
 
د. ژینۆ خالید، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە دەڵێت: ''ئەو پلاستیکانەی لەسەر خاک دا فڕێدەدرێن، پێکهاتەی وردیان لێدەردەچێت کە دەچنە نێو خاک و تەندروستیی خاکەکە تێکدەدەن، بەمەش بەرهەمە کشتوکاڵییەکان تێکدەچن''.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە پێشنیاز دەکات، بتڵ و مەتارەی شووشە و ستیل لەبری بتڵی پلاستیکی بەکاربێن.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە شەش هەزار و 500 تۆن زبڵ و خاشاک فڕێدەدرێن کە زیاتر لە هەزار و 500 تۆنی پاشماوەی پلاستیکین و بەشی زۆری ئەمەش دەبەی ئاوی پلاستیکییە.