پسپۆڕێکی زانکۆی سەلاحەدین: بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کیسی نایلۆن؛ زەمبیل و توورەگە بەکاربهێنرێن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی زانستەکانی ژینگە  ئاشکرای دەکات، ئەو پلاستیک و نایلۆنانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەکاردێن بەئاسانی شی نابنەوە و 500 بۆ هەزار ساڵیان دەوێت.
 
د. جوان خدر، پسپۆڕی زانستەکانی ژینگە لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بە رووداوی گوت، لە توێژینەوەیەکیاندا بۆیان دەرکەوتووە زۆرینەی پاشماوەکانی کانی قرژاڵە جگە لە خۆراک؛ پلاستیک و نایلۆنن.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە پێشنیازی ئەوە دەکات، نرخ لەسەر کیسی نایلۆن دابنرێت و بەکارهێنانی پلاستیک لە دووکان و مارکێتەکان سنوورداربکرێت و دەڵێت: دەکرێت هەنگاوی گەورە بنرێت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نایلۆن و پلاستیک.
 
دەقی وەڵامەکانی د. جوان خدر، پسپۆڕی زانستەکانی ژینگە لەبارەی پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک و نایلۆن؛
 
رووداو: هۆکارە باوەکانی پیسبوونی ژینگە لەم سەردەمە چین و نایلۆن و مادە پلاستیکییەکان چۆن رۆڵیان هەیە لە پیسبوونی ژینگە؟
 
د. جوان خدر: پیسبوونی ژینگە دەکرێت دابەشبکرێت بۆ هۆکارە سرووشتییەکان و هۆکارە دەستکردەکان، هەروەها لە هۆکارە دەستکردەکانیش پاڵاوگە، کارگە و بەرهەمە پلاستیکییەکان و نایلۆنن. زۆرینەی پلاستیک و نایلۆنەکان تەمەنی شیبوونەوەیان درێژە و بە ئاسانی شی نابنەوە کە بەشێکیان 500 بۆ هەزاران ساڵیان پێویستە، تەنانەت لە ئەنجامی سووتاندنی پلاستیکەکانیش مادەی قورس و مەترسیدار تێکەڵ بە خاک و رووەکەکان دەبن، پاشان لەگەڵ خواردنی ئەو رووەکانە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە.
 
رووداو:  چی بکرێت بۆ جێگرەوەی بتڵی پلاستیک و کیسی نایلۆن؟
 
د. جوان خدر: بەکارهێنانی بێسنووری کیسی نایلۆن لە دووکان و مارکێتەکاندا وایکردووە کە رۆژانە بڕێکی زۆر پلاستیک و نایلۆن فڕێبدرێن بۆیە دەبێت ئەمانەی خوارەوە وەکو جێگرەوەیان بەکاربهێندرێن؛
 
- توورەگە 
- زەمبیل 
- زەرفی کاخەز
- سنووردارکردنی بەکارهێنانی نایلۆن
 
رووداو: لە چ وڵاتێک بەکارهێنانی نایلۆن سنووردارکراوە و چۆن سنووردارکراوە؟
 
د. جوان خدر: لە وڵاتانی ئەورووپا جۆرێک زەرفیان هەیە کە پێی دەڵێن ''هاوڕێی ژینگە'' کە لە چەند مادەیەکی ئۆرگانی و سرووشتی دروستدەکرێت و هاوڕێی ژینگەیە، هەروەها لە زۆرینەی مۆڵەکان کیسی نایلۆنی نادەن بە کڕیاران و بەمەش ناچاریان دەکەن کە جانتا و کیسی تایبەت بە خۆیان بهێنن. تەنانەت بەشێکیشیان نرخیان خستووەتە سەر کیسی نایلۆن و بە خۆڕایی نایدەن بە کڕیاران.
 
رووداو: لەبارەی پاشماوەکانی کانی قرژاڵە، زۆرینەی پاشماوەکان چین کە ئێوە توێژینەوەتان لەسەری کردووە؟
 
د. جوان خدر: ئێمە لەگەڵ تیمێکی زانستی بە خۆبەخشانە ماوەی دوو ساڵ توێژینەوەمان کرد لەسەر پاشماوەکانی کانی قرژاڵە و بۆمان دەرکەوت، زۆرینەی پاشماوەکان خۆراک و پاشماوەی ئاژەڵ بوو و بەشێكی زۆریش پاشماوەی پلاستیک و نایلۆن بوو کە بەداخەوە ئەو پلاستیک و نایلۆنانە بە ئاسانی شینابنەوە و کێشە بۆ ژینگە، خاک و تەندروستیی مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش دروستدەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. ژینۆ خالید - هەندێک پاشماوەی پلاستیکی لەسەر شەقام فڕێدراون. وێنە: رووداو

د. ژینۆ خالید: هەندێک جۆری پلاستیک زیاتر لە هەزاران ساڵ لە سرووشتدا دەمێننەوە

رۆژانە زیاتر لە هەزار تۆن پلاستیک و دەبەی ئاو لە هەرێمی کوردستان فڕێدەدرێن و پسپۆڕێکی پیسبوونی ژینگە رایدەگەیێنێت، زۆریی بەرهەمهێنانی پلاستیک وایکردووە کە مەترسیی پیسبوونی ژینگە زیاتر بێت.