توێژەرانی عێراق و ئوسترالیا ئامێرێکیان دروستکردووە، بە رەنگی زمان نەخۆشی دەستنیشاندەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژەرانی عێراقی و ئوسترالی ئامیرێک دروستدەکەن کە لەڕێگەی رەنگی زمانەوە دەستنیشانی نەخۆشییەکان دەکات.
 
توێژەرانی زانکۆی تەکنیکیی ناوەند لە بەغدا لەگەڵ زانکۆی باشووری ئوسترالیا ئامێرێکی زیرەکیان دروستکردووە کە لەڕێگەیەوە بەپێی رەنگی زمان دەستنیشانی جۆری نەخۆشییە جیاوازەکان دەکات و دەڵێن، 98٪ وردە لە دەستنیشانکردن.
 
راگەیاندنی ئەم داهێنانە دوای ئەوە دێت، لە زانکۆی تەکنیکیی ناوەند لە بەغدا تاقیکردنەوەیان لەسەر زمانی 60 کەس کرد کە پێنج هەزار و 200 وێنەیان هەڵسەنگاند و ئەنجامەکانیان لە گۆڤاری MDPI بڵاوکردەوە.
 
د. عەلی ناجی، پسپۆڕی ئەندازیاریی ئەلیکترۆنی و سەرپەرشتیارێکی توێژینەوەکە لە زانکۆی تەکنیکیی ناوەند دەڵێت: رەنگی زمان بۆ هەر نەخۆشییەکی جیاواز دەگۆڕێت، بەجۆرێک لە شێرپەنجە رەنگی مۆر و لە جەڵتە رەنگی سوور و ناڕێک و لە تووشبووانی شەکرەش زەرد دەبێت.
 
تەنانەت د. عەلی ناجی دەشڵێت: ''ئامێرەکە بە کۆمپیوتەرێک کاردەکات و کامێرایەکی لەسەر جێگیر کراوە کە هەر کەسێک بیەوێت پشکنین بۆ خۆی بکات، دەبێت چەند مەترێک نزیک ببێتەوە لە ئامێرەکە و وێنەیەکی زمانی بگرێت''.
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەشدەکات، داهێنانەکەیان پشتی بە پزیشکیی دێرینی چینی بەستووە بەوەی کە رەنگی زمانیان بە نیشانەیەکی سەرەکیی نەخۆشییەکان داناوە.
 
لەم بارەیەوە پڕۆفیسرۆ جاڤان چەهال، هاوسەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی باشووری ئوسترالیا دەڵێت: ''تەکنۆلۆژیاکە لەڕێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە دەبێت و هەر کەسێک دەتوانێت لەڕێگەی زمانەوە پشکنین بۆ خۆی بکات، چونکە ئامێرەکە دەتوانێت نەخۆشییەکانی کەمخوێنی، شەکرە، کۆڤید-19، جگەر، رەبۆ و جەڵتەش دەستنیشنبکات''.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە