رێکخراوێکی هۆشیاریی ژینگەیی: پلاستیک کارەساتی ژینگەیی دروستدەکات

رووداو - تەندروستی 

جێگری سەرۆکی رێکخراوێکی ژینگەیی رایدەگەیێنێت، لە هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەی نایلۆن و پلاستیک کارگەی ریسایکلین نییە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئابی 2024 دەشتی مەنتک، جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئاڤیار بۆ هۆشیاریی ژینگەیی لە بەرنامەی نوورۆژدا بە رووداوی راگەیاند، پێویستە لە هەرێمی کوردستان کارگەی ریسایکلین واتە دووبارە بەکارهێنانەوەی بتڵ و مادە پلاستیکییەکان هەبێت، تاوەکو ئەو پلاستیکانە نەبنە پاشماوە و زیان بە ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ نەگەیێنن.
 
دەشتی مەنتک دەڵێت: هەموو لایەک بە بەکارهێنانی پلاستیک زەرەرمەند دەبن.
 
بەگوێرەی توێژینەوەکان، هەر بتڵێکی ئاو 450 ساڵی پێویستە تاوەکو لە خاک شیدەبێتەوە و تەنانەت خواردنەوەی ئاویش لەو بتڵە پلاستیکانە کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە بەهۆی ئەوەی کە بتڵەکان لە گەرمبوون کارلێکدەکەن و ئاوەکە پیسدەکەن.
 
هاوکات جێگرەوە بۆ بتڵی پلاستیکیش؛ بتڵی شووشە و بەکارهێنانی مەتارە و ترمزی تایبەتە.
 
بە گوێرەی نوێترین ئاماری فەرمی کە دەستی رووداو کەوتووە، رۆژانە 6500 تۆن زبڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان فڕێدەدرێن کە 20٪ـیان واتە 1300 تۆن پلاستیک و بتڵی ئاون.