دکتۆر ئاراس.. بەم 3 هەنگاوە تەمەنی مرۆڤ 20 ساڵ درێژدەبێت

رووداو دیجیتاڵ

د. زانا ئەحمەد، پسپۆڕی زانستی خۆراک دەڵێت ئۆفەرێكی هەیە و تەنیا بە وازهێنان لە جگەرەکێشان، کهول و قەڵەوی، تەمەنی مرۆڤ 20 ساڵ درێژتر دەبێت.
 
دکتۆر ئاراس برادۆستی، پێشکێشکاری بەرنامەی دکتۆر ئاراس لە بەرنامەی ئەمجارەیدا لە ستۆدیۆ میوانداری د. زانا ئەحمەد، پسپۆڕی خۆراکی کرد و لێی پرسی، "مرۆڤ چۆن دەتوانێت تەمەنی درێژ بکات؟" پزیشكە پسپۆڕەکەش کۆمەڵێك رێنوێنی دەدات و دەڵێت، لە ماوەی رابردوودا تێكڕای تەمەنی مرۆڤ لە 35 ساڵەوە بۆ 65 ساڵ زیادیکردووە.

پزیشكە پسپۆڕەکەی خۆراک ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا 20%ی تەمەندرێژی پەیوەندیی بە بۆماوەییەوە هەیە، ئەوەی دیکە کە دەمێنێتەوە 80%ی پەیوەندیی بە شێوازی ژیانەوە هەیە و لەدەست خودی کەسەکان خۆیانە. دەشڵێت، ماددە دژەئۆکسێنەکان کە لەنێو سەوزە و میوە رەنگ جیاوازەکانن، یارمەتیدەرن بۆ تەمەندرێژیی مرۆڤ.
 
لەنێو بەرنامەی دکتۆر ئاراس، د. زانا ئەحمەد گوتی، خانەکانی لەشی مرۆڤە تەمبەڵەکان زۆرتر تووشی پیربوون دەبن و خانەکانی لەشی مرۆڤە ماندوو و جوڵەدارەکان بە گەنجی دەمێننەوە. هاوکات ئەوەیشی خستەڕوو، زۆرخۆری یەکێكە لە هۆکارەکانی زوو پیربوون و ئەو کەسانەی وەرزش دەکەن لەوانە زۆرتر دەژین کە لە پشوودان.

پسپۆڕەکەی خۆراک ئۆفەرێكی هەیە و دەڵێت، تەنیا بە سێ هەنگاو کە بریتین لە وازهێنان لە جگەرەکێشان، کەمکردنەوەی کێش و وازهێنان لە خواردنەوەی کهول، تەمەنی مرۆڤ 20 ساڵ درێژتر دەبێت؛ گوتیشی، مانەوە لە کەشی سارد تەمەن درێژ دەکات.

د. شێرکۆ ئەحمەد وەیس: ریشتاشینی نادروست هۆکارێک دەبێت بۆ ئەیدز

بڕگەی دووەمی بەرنامەی دکتۆر ئاراس، تایبەت بوو بە ریشتاشینی تەندروست، کە رێگەیەکە بۆ دووربوون لە نەخۆشییە گوازراوەکان و ئەو کەسانەی لە سەرتاشخانەیەکی نادروست و ناپاکژ ریش دەتاشن، مەترسی لەسەریان زیاترە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکانی وەکو ئەیدز و ڤایرۆسی جگەر.

دکتۆر شێرکۆ ئەحمەد وەیس، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەڵێت ریش رێگە لە کۆمەڵێك نەخۆشی دەگرێت، وەکو پارێزەرە دژی خۆڵبارین، نۆرەکانی رەبۆ کەمدەکاتەوە و رێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست دەکات.

پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی پێست دەڵێت، باشترە لە سەرتاشخانەکان ریش بە مووسی سەفەری بتاشرێت، چونکە ریشی پیسبوو بە خوێنی تووشبووان، هۆکار دەبێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی ئەیدز و ڤایرۆسی جگەر.