پسپۆڕێک: مایەسیری لەو کەسانە باوە کە زۆر پەستان دەخەنە سەر کۆمیان لە توالێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی گشتی رایدەگەیەنێت، مایەسیری لەنێو کەسانی سەروو 45 ساڵان بەربڵاوە و ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت، ئەوا چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت.
د. شێرکۆ عەباس، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی بە رووداوی راگەیاند، خانمان زۆرینەی ئەوانەن کە تووشی مایەسیری دەبن و زۆردانیشتن لە توالێت هۆکارێکی سەرەکیی نەخۆشییەکەیە.
ئەو پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە، 90٪ـی مایەسیرییەکان چارەسەردەکرێن، ئەگەر نەخۆشەکە بە زوویی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، چونکە بە گۆڕینی شێوازی ژیان و پێدانی هەندێک دەرمان دەتواندرێت مایەسیرییەکە نەمێنیت.
دەقی وەڵامەکانی د. شێرکۆ عەباس، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لەبارەی نەخۆشیی مایەسیری؛
رووداو: مایەسیری چییە و زیاتر تووشی چ رەگەزێک دەبێت، زۆرترینیشیان چ تەمەنێکن؟
د. شێرکۆ عەباس: مایەسیری هەڵئاوسانی بۆرییە خوێنەکانی دیواری کۆمە کە کۆتا بەشی کۆئەندامی هەرسە. خانمان بەراورد بە پیاوان زیاتر تووشی دەبن، هەروەها نەخۆشییەکە لەنێو کەسانی سەروو 45 ساڵان بەربڵاوە.
رووداو: چۆن کەسێک بزانێت کە مایەسیرییەتی و نیشانەکانی چین؟
د. شێرکۆ عەباس: زۆرجار مایەسیری دەشێت ئەم نیشانانەی هەبێت؛
- ئازار و نائاسوودەیی لە توالێت
- بینینی خوێن
- خوران و هەڵئاوسانی بۆرییەکانی دەرچەی کۆم
- هاتنەخوارەوەی ئەو هەڵئاوسانەی کە لە دەرچەی کۆم دروستدەبێت
رووداو: هۆکارەکانی تووشبوون بە مایەسیری چین؟
د. شێرکۆ عەباس: مایەسیری لەو کەسانە باوە کە زۆر پەستان دەخەنە سەر کۆمیان لە توالێت، چونکە قەبزن یاخود ئەم هۆکارانەی خوارەوەش هەن؛
- پەستانی زۆر لەکاتی میزکردن لەو کەسانەی کە پڕۆستاتیان هەیە
- قەڵەوی
- سکپڕی
- زۆردانیشتن
- بەرزکردنەوەی قورسایی زۆر
- گرێی کۆڵۆن
- بۆماوەیی
رووداو: ئایا مایەسیری بەبێ نەشتەرگەری چارەسەردەکرێت؟
د. شێرکۆ عەباس: بێگومان، 90٪ـی مایەسیرییەکان چارەسەردەکرێن، ئەگەر نەخۆشەکە بە زوویی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، چونکە بە گۆڕینی شێوازی ژیان و پێدانی هەندێک دەرمان دەتواندرێت مایەسیرییەکە نەمێنیت، بەڵام ئەگەر درەنگ دەستنیشان بکرێت ئەوا دەشێت تەنیا بە نەشتەرگەری چاکبێت.
رووداو: وەرزش کاریگەریی دەبێت لەسەر خراپبوونی نیشانەکانی مایەسیری، چ جۆرە وەرزشێک ئاساییە بکرێت؟
د. شێرکۆ عەباس: وەرزشەکانی راکردن و بەپێ رۆیشتن زۆر باشن بۆ تووشبووانی مایەسیری، چونکە قەبزی کەمدەکەنەوە، بەڵام ئەو وەرزشانەی بەرزکردنەوەی قورسایی تێدایە نابێت ئەنجامبدرێن.
رووداو: بینینی خوێن لەگەڵ پیسایی لە چ کاتێکدا مەترسیدارە؟
د. شێرکۆ عەباس: بینینی خوێن لەنێو پیسایی هەموو کاتێک مەترسیدارە، بۆیە هەر کەسێک خوێنی بینی لەنێو پیسایی پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، چونکە رەنگە هۆکارەکەی زۆر لاواز بێت و رەنگیشە هۆکارەکەی تووند بێت.
رووداو: ئایا زۆر دانیشتن دەبێتەهۆی مایەسیری؟
د. شێرکۆ عەباس: زۆر دانیشتن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبێتەهۆی مایەسیری، چونکە هۆکارێکی قەبزییە کە رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە مایەسیری.
رووداو: چۆن پێشگیری لە مایەسیری بکرێت؟
د. شێرکۆ عەباس: بەم رێگەیانەی خوارەوە؛
- کەمکردنەوەی دانیشتن
- بوونی جووڵە و چالاکیی جەستەیی رۆژانە
- خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ریشاڵەکان، چونکە قەبزی کەمدەکەنەوە
- ئاوخواردنەوەی پێویست
- لە توالێتدا زۆر مانەوە نەبێت و پەستانی زۆر نەخرێتە سەر کۆم
- کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی
- رێکخستنی کاتی خەو
رووداو: زۆر دەرمان هەن بە ئۆنلاین رێکلامیان بۆ دەکرێت و دەفرۆشرێن کە ''چارەسەری مایەسیری دەکەن''، ئایا ئەوانە بەکارهێنانیان ئاساییە؟
د. شێرکۆ عەباس: نابێت هیچ دەرمانێک بەبێ راوێژی پزیشک بەکاربێت، چونکە دەبێت بزانین کە پێکهاتەی دەرمانەکە چییە و سەرچاوەکەی لە کوێوەیە، هەروەها پێویستە هۆکاری نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشک، دەستنیشان بکرێت ئینجا دەرمانی بۆ بەکاربێت.