رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیەنێت، ئەگەر دەستبەجێ رێ و شوێنی پێویست نەگیرێتە بەر ئەوا زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ لە کۆنگۆ تووشی بەدخۆراکیی تووند دەبن.
لە راگەیەندراوەکەیدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO دۆخی ئێستای کۆنگۆ بە کارەسات ناودەبات و ئاماژە بەوەدەکات، وڵاتەکە رووبەڕووی ململانێ و تووندوتیژی بووەتەوە کە بەهۆیەوە ملیۆنان کەس ئاوارەبوون و برسیێتی رووی تێکردوون.
بەرپرسی فریاکەوتنی WHO دەڵێت، ''بەهۆی شەڕ و ململانێوە نزیکەی 40 ملیۆن کەس رووبەڕووی کەمخۆراکی بوونەتەوە و زیاتر لە 15 ملیۆن کەسیش مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییە گوازراوەکانی وەکو 'کۆلێرا، سوورێژە و هەوکردنی پەردەی مێشک' هەیە''.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2024 زیاتر لە 20 هەزار تووشبووی کۆلێرا و 60 هەزار حاڵەتی سوورێژە لە کۆنگۆ تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ