نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: زیاتر لە 250 منداڵ تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون

14-05-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە سلێمانی دەڵێت، رۆژانە 10 منداڵ بۆ 12 منداڵ تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک دەبن و تاوەکو ئێستاش 250 بۆ 300 تووشبوو تۆمارکراون.
 
لە نێوەڕاستی مانگی رابردووەوە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانی بڵاوبووەتەوە. رۆژی یەکشەممە، 14-05-2023، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەدی تایبەت بە منداڵان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "نەخۆشییەکە لە ئاستێکی بەرزدایە و رۆژانە 10 بۆ 12 تووشبووی نوێ تۆمار دەکرێن."
 
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا گوتی، "دەمانەوێت خەڵک ئەوەندە بترسێت کە پێویست بکات هەر نیشانەیەکی هەوکردنی پەردەی مێشکی لە منداڵەکەی بینی سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بکات؛ نامانەوێت نە لەوە زیاتر و نە لەوە کەمتر خەڵک بترسێت، چونکە زیاتر ترسان کێشەیە و کەمتر ترسانیش کێشەیە."
 
تاوەکو ئێستا لە تەندروستیی سلێمانی 250 بۆ 300 تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون. دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە بەشی هەرە زۆری ئەوانەی تۆمارکراون ڤایرۆسین و بەشێکی کەمیان بەکتریاین و تاوەکو ئێستا نە هیچ منداڵێکیش مردووە و نە هیچ منداڵێک لێکەوتەی خراپی هەبووە."
 
لەبارەی پێداویستییە پزیشکییەکان دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت، "چارەسەرە پزیشکییەکان هەموویان هەن؛ بەشێکیان حکومەت و بەشێکیان خێرخواز دابینی کردوون و چارەسەرەکە تاوەکو ئێستا ئاسانە."
 
نیشانە دیارەکانی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵی خوار تەمەنی سێ مانگ بریتین لە:
 
- کەمبوونەوەی شیرخواردن.
- رشانەوە.
- نیگەرانی و بێزاری و گریانی زۆر.
- تای بەرز.
- دابەزینی پلەی گەرمیی لەش و بێهێزبوون.
- هاتنە دەرەوەی مەڵاشو.
 
ئەو نیشانانە لە منداڵی گەورەتر بریتین لە:
 
- رشانەوەو دڵ تێکهەڵاتن.
- سەرئێشە.
- نیگەرانبوون بە رووناکی.
- نیگەرانی و بێزاری.
- تای بەرز کە رەنگە ببێتە هۆی گەشکە.
- رەقبوونی مل.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە