تەندروستیی جیهانی: لەوانەیە کۆرۆنا وەکو ئایدز بۆ هەمیشە بمێنێتەوە

رووداو - هەولێر

بەرپرسێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت لەوانەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو ئایدز بۆ هەمیشە لەگەڵمان بمێنێتەوە و پێویستی بە هەوڵێکی گەورە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی.

مایک رایان، بەرپرسی جێبەجێکاری بەرنامە فریاگوزارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ئۆنلایندا رایگەیاند: "پێموایە گرنگە کە واقیعبینبین و پێموانییە کەسێک هەبێت بزانێت کەی ئەم ڤایرۆسە کۆتایی پێدێت."

مایک ئاماژە بەوەش دەکات کە لەناوچوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا نە کاتی هەیە و نە پەیمانێک.

ئەو بەرپرسە ی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوەشدەکات وڵاتان تا رادەیەک کۆنتڕۆڵیان بەسەر کۆرۆناوە کردووە، بەڵام دەڵێت ئەگەر ڤاکسینیش بۆ نەخۆشییەکە دۆزرایەوە، هێشتا هەوڵی گەورەی دەوێت بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی تەواوی ڤایرۆسەکە بکرێت.

ئێستا زیاتر لە هەوڵی دۆزینەوەی ڤاکسین لە تاقیگەکاندا کاریان لەسەر دەکرێت، بەڵام تائێستا هیچ کام لەم هەوڵانە وەڵامێکی زیندوویان بۆ لەناوبردنی کۆرۆنا پێنەبووە.

لە 1986ەوە لەوکاتەی یەکەم کەیسی تووشبوون بە ئایدز تۆمارکرا تاوەکو 2019 لە نێوان 23.6 ملیۆن تاوەکو 43.8 ملیۆن کەسی کوشتووە، نزیکەی 98 ملیۆن کەسیش تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.

یەکەم کەیسی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی 2019 لە شاری ووهانی چین تۆمارکرا، لەو کاتەوە تائێستا ڤایرۆسەکە بە زیاتر لە 200 هەرێم و ناوچەی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

بەپێی دوایین ئاماری ماڵپەری وۆڵد ئۆمیتەر تائێستا نزیکەی 4 ملیۆن و 430  هەزار کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. لەو ژمارەیە 296 هەزارو 814 کەس گیانیان لەدەستداوە. یەک ملیۆن و 659 هەزار نەخۆشیش چاکبوونەتەوە.