د.سامان بەرزنجی: تەنیا دۆخی یەک تووشبوو جێگیر نییە

14-03-2020
گۆڤەند مستەفا
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان: قەدەخەکردنی هاتووچۆ بڕیارێکی دروستبوو
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان: قەدەخەکردنی هاتووچۆ بڕیارێکی دروستبوو
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-
رووداو - هەولێر

وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 28 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە، تەنها یەک تووشبوو نەبێت دۆخی ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕی تەندروستیدایە.
 
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دوایین ئامارەکان و دۆخی تەندروستیی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 28 کەس تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان، تەنها 26 یان لە نەخۆشانەکانن، 9 لە هەولێر و 17 لە سلێمانی، هەمووشیان داخیل کراون زۆربەی هەرە زۆریان دۆخی تەندروستییان جێگیرە، تەنها یەک حاڵەت نەبێت کە بە ئەکتیڤ کەیس دادەنرێت، لە چاودێری چڕە، ئەوانەی دیکە زۆربەیان هەر نیشانەکانیشیان نییە، بەڵام ئێمە وەکو نەخۆش مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین".
 
بە گوتەی سامان بەرزنجی ئێستا هەرێمی کوردستان لە هەرسێ قۆناخی خۆپارێزی، کۆنترۆڵکردن و چارەسەرکردندایە و دەڵێت: "بەو هیوایەن قۆناخی کۆنترۆڵکردن کە قۆناخێکی زۆر گرنگە پاڵپشت بێت بۆ قۆناخی یەکەم کە خۆپارێزییە و رێگە نەدەین ڤایرۆسەکە تەشەنە بکات".
 
سەبارەت بە ئامانجی قەدەخەکردنی هاتووچۆ لەنێو شار و ئەگەری درێژکردنەوەی ئەو قەدەخەیە، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە هەر لەسەرەتاوە رێنمایی ئەوەمان دەکرد کە کەمترین بەریەکەوتن لەنێوان خەڵکدا هەبێت، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکیش دەبێت لە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو پێشنیازەمان کردبوو. ئەم بڕیارەش لە ئەنجامی پابەندنەبوونی خەڵک بە چوونە دەرەوەیان بۆ شوێنە گشتییەکان و سەیرانگاکان دەرچوو".
 
سامان بەرزنجی گوتیشی: "بەداخەوە دوێنێش ئاگادارکردنەوەیەکی بەپەلەمان پێگەیشت، ئەویش تۆمارکردنی حاڵەتێکبوو لەناو هەولێر، پزیشکێکی بەڕێزمان کە تووشی ئەو ڤایرۆسە بووە، ئێمەش دەبێت سەرچاوەکەی بدۆزینەوە. هەموو ئەوانەی پۆزەتیڤن دەبێت لەبەردەست بن نابێت بزر بن، ئەمەش چۆن دەکرێت لە کاتێدا پشکنین بۆ خەڵک بکەی و لەلایەکەی دیکە بەریەکەوتن هەبێت، بۆیە قەدەخەکردنی هاتووچۆ بڕیارێکی دروستبوو. ئەگەر بزانین مەترسی هەیە داوا دەکەین ماوەی قەدەخەی هاتووچۆ درێژبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر بێت و میکانزمی دیکە دابنرێت و ئەگەر هاونیشتمانییان پاڵپشت بن لە کەمکردنەوەی جموجۆڵ ئەوە بڕیارێکی دیکە دەدرێت".
 
سەبارەت بەو پشکنینانەی لە کەرتی تایبەت و تاقیگەکان دەکرێن، سامان بەرزنجی ئاماژە بەوە دەدات، "هەندێک شێوازی نوێی بازرگانی دەرچووە، بە 10 بۆ 15 خولەک ئەنجامی پشکنینەکان دەردەچووێنێت کە rapid testی پێدەگوترێت، کە لە رووی پزیشکی و زانستییەوە ئەمە قەدەخەیە، چونکە رێژەیەکی کەم لە ئەنجامەکە دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش سێ بڕیارمان دەرکردووە:
 
یەکەم: بۆ مەبەستی دڵنیابوون لەم پشکنینە پێویستە دووبارە (Sample)ـە بەپەلە بنێردرێت بۆ تاقیگەی تەندروستیی گشتی لە هەولێر لە رێگای بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری خۆپاراستنی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
 
دووەم: نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەم پشکنینە بە (strip) ئەنجام بدرێت و پێویستە تەنها بەڕێگای  (Real-Time PCR) بێت.
 
سێیەم: نابێت بەهیچ شێوەیەک لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان یان تاقیگە تایبەتییەکان پشکنینی (Covid19) ئەنجام بدرێت لە کاتی ئێستادا.

 

دەقی نووسراوەکە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە