کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان: ئەو دەرمانەی 18 منداڵی ئۆزبەکستانی کوشت لە هەرێمی کوردستاندا نییە

15-02-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو دەرمانەی لە ئۆزبەکستان بووە هۆی مردنی 18 منداڵ لە هەرێمی کوردستان نییە.
 
رۆژی سێشەممە 14-02-2023 دکتۆر شێروان سادق، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دەرمانەی وێنەکەی بڵاوکراوەتەوە کە بووەتە هۆی کوشتنی ژمارەیەک منداڵ لە ئۆزبەکستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو دەرمانە لە وڵاتێکی دوور، کە ئۆزبەکستانە، بووەتە هۆی کوشتنی ژمارەیەک منداڵ؛ ئەو دەرمانە لێرە لە هەرێمی کوردستان رێگەپێدراو نییە و ئێستاش هیچ دەرمانێکی لەو جۆرە لە بازاڕ و دەرمانخانەکاندا نییە و رێگەی پێنادەین."
 
دکتۆر شێروان سادق گوتی، "ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە گوایە ئەو دەرمانە لە هەرێمی کوردستان هەیە. بەداخەوە، چەند پەیج و ماڵپەڕێک لە ناوخۆ و دەرەوە هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام دەرمانەکە قەدەخەیە. ئەو دەرمانە ناوی (Dok-1Max syrup)ـە، کە لە وڵاتی هیندستان لەلایەن کارگەیەک بەناوی Marion Biotech بەرهەمهاتووە. بەدواداچوونی وردی زانستی و پیشەییانەی خۆمان کردووە و بۆ هاووڵاتیانمان روونی دەکەینەوە کە بە هیچ جۆرێک لە کوردستان بوونی نییە و بە هیچ جۆرێک هاوردەی کوردستان نەکراوە، هیچ بەرهەمێکی ئەو کارگەیە لە هەرێمی کوردستان نییە و رێگەپێدراو نییە و کارگەکەش تۆمار نەکراوە."
 
لەبارەی هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانەی ئۆزبەکستان، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان گوتی، "هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو 18 منداڵە بۆ مادەیەکی ژەهراوی بەناوی Ethylene glycol لەناو دەرمانەکە دەگەڕێتەوە کە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئەندامێک یان چەند ئەندامێکی لەش بە تەواوی."
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان جگە لەو دڵنیاییە، ئاماژەی بەوەش کرد، "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییانمان لە کوردستان کە بەردەوام لە بەدواداچوونی ورد و زانستییانەداین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە