توێژینەوەیەکی بەریتانی: وەرزشڤانان بایەخ بە شەربەتی چەوەندەر بدەن

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی بەریتانی دەریدەخات، شەربەتی چەوەندەر یەکێکە لەو گیراوە کاریگەرانەی کە ماسوولکەکان بەهێزدەکات و هێزێکی زۆر بە وەرزشڤانان دەدات لەکاتی ئەنجامدانی راهێنانە وەرزشییە قورسەکان.
 
زانکۆی ئێكسیتەر لە بەریتانیا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی ئەمریکا رایدەگەیێنن، بەهۆی بوونی مادەی نایترەیت، شەربەتی چەوەندەر کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەهێزبوون و گەورەبوونی قەبارەی ماسوولکەکان دروستدەکات و هێزێکی زۆر بە وەرزشڤانان دەبەخشێت. 
 
بەشداربووانی توێژینەوەکە بۆ دوو گرووپ دابەشکران، گرووپێک پێش راهێنانی وەرزشی نیو پەرداخ شەربەتی چەوەندەریان دەخواردەوە و گرووپەکەی دیکە جۆری دیکەی شەربەتی رووەکیان دەخواردەوە، دەرکەوت ئەوانەی شەربەتی چەوەندەریان خواردووە وزەیەکی زیاتر و توانایەکی باشتریان بۆ راهێنان و چالاکییە وەرزشییەکان هەبووە، بەجۆرێک 7٪ کاریگەریی لەسەر قەبارەی ماسوولکەکان و هێزی وەرزشڤانان دروستکردووە.
 
ئاندی جۆنس، پسپۆڕی فیسیۆلۆژی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''توێژینەوەکەمان سوودێکی دیکەی مادەی نایترەیت ئاشکرادەکات کە بۆ وەرزشڤانان گرنگی و تایبەتمەندی هەیە،'' هەروەها سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە چەند سوودێکی مادەی نایترەیت رووندەکاتەوە و دەڵێت: پارێزگاریکردن لە خانەکانی خوێن مەیین، کەمکردنەوەی پەستانی خوێن و پاراستنی دیواری لوولەکانی خوێن لە فەرمانە سەرەکییەکانی مادەکەن. 
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رێژەی نایترەیتی نێو چەوەندەر یارمەتیی فراوانبوونی خوێنبەرەکان دەدات و ئاستی گەیشتنی ئۆکسجین بە ماسوولکەکان زیاددەکات، سەرئەنجام هێزێكی زۆر و قەبارەیەکی گەورەتر بە ماسوولکەکان دەبەخشێت.
 
د. باڕبارا پیکنۆڤا، پسپۆڕی خۆراک لە پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکا چەند خۆراکێکی دەوڵەمەند بە مادەی نایترەیت دەخاتەڕوو و دەڵێت: خۆراکەکانی وەکو 'سپێناخ، گێزەر، کاهوو، پەتاتە و چەوەندەر' بڕێکی زۆر لە مادەی نایترەیتیان تێدایە، هەروەها ناوەندی مایۆکلینیکی پزیشکی رایدەگەیێنێت، چەوەندەر سووڕی خوێن چالاکدەکات و یارمەتیی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن دەدات، بەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە.