خزمێکی ئەو ژنەی لە سلێمانی گیانی لەدەستدا: پێش نەشتەرگەری هیچ پشکنینێک بۆ نەخۆشەکەمان نەکرا

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
وێنەیەکی ئەو ژنەی دوای نەشتەرگەریی جوانکاری گیانی لەدەستدا
وێنەیەکی ئەو ژنەی دوای نەشتەرگەریی جوانکاری گیانی لەدەستدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

خانمێک لە سلێمانی دوای نەشتەرگەرییەکی جوانکاری گیانی لەدەستدا. نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بووە و بەهۆی سکاڵای کەسوکاری نەخۆشەکەوە ئێستا پزیشکەکە دەستگیرکراوە.
 
زریان شەهریار، کچی پووری ئەو خانمەیە گیانی لەدەستداوە، لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "بەر لە نەشتەرگەری، هیچ پشکنینێک بۆ نەخۆشەکەمان نەکرا".
 
بە گوتەی زریان شەهریار، كچی پووری "لە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 09:00 بۆ 9:30ـی شەو لە ژووری نەشتەرگەری بوو؛ دوای هاتنەدەرەوە ئازاری هەبوو و کاریگەری بێهۆشکەرەکانی لەسەر بوو؛ رەنگی لێو و دەموچاوی تێکچووبوو."
 
زریان شەهریار دەڵێت، كچی پووری "دوای دوو کاژێر دۆخی خراپتر بوو و دەیگوت، "خەریکە دەخنکێم."
 
زریان شەهریار کە لە کاتی نەشتەرگەری لەگەڵ کچە پوورەکەی بووە، دەڵێت، "دوای ئەوەی دۆخی تێکچوو، پزیشکەکانمان ئاگادارکردنەوە. ئەوانیش دەرزی ئازارشکێنیان لێدا و دواتر هیچ جووڵەیەکی نەما."
 
زریان شەهریار باسی لەوە کرد، "دوای ئەوەی کچی پوورم هیچ جووڵەیەکی نەما، جارێکی دیکە پزیشکمان بانگ کرد. ئەوانیش هاتن و کارەبایان لێدا و پزیشکی خۆیشی هات. پشکنینیان کرد و پێیان گوتین گیانی لەدەستداوە."
 
بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادوەری، ئەو خانمە بەهۆی ئەوی نەخۆشیی دڵی هەبووە، گیانی لەدەستداوە. زریان شەهریار لەوبارەیەوە گوتی: "ئێمە پێشتر نەمانزانیوە کچی پوورم نەخۆشی (گەورەبوونی دڵی) هەیە."
 
لەبارەی هۆکاری ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە، زریان شەهریار بە رووداوی گوت: "کچی پوورم کێشی زۆر بوو. بەر لە چوار ساڵ نەشتەرگەری گەدەی کرد بۆ ئەوەی کێشی دابەزێنێت، بەڵام پێستی داکەوتبوو و نەیدەتوانی بە باشی جووڵە بکات و هەربۆیە بڕیاری دا نەشتەرگەری بکات. پزیشکان پێیان گووتبوو ئەو نەشتەرگەرییە قورسە و نرخەکەشی زۆره ."
 
زریان شەهریار دەڵێت: "من خۆم نەشتەرگەری دەرهێنانی چەوریم کردووە، بەڵام ئێستا لەشم تێکچووە و قوربانی ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاریم."
 
زریان شەهریار ئاماژە بەوە دەکات: "بەهۆی نەشتەرگەرییەوە شێوەی گوێچکەم و سەروچاوم تێکچووە. شێوەم وا گۆڕاوە کە بە وێنەی من منداڵان دەترسێنن."  
 
ئەو خانمەی کە لە سلێمانی بەهۆی نەشتەرگەرییەوە گیانی لەدەستداوە تەمەنی 41 ساڵ بوو و دوو منداڵی هەن. خێزانەکەی سکاڵای تۆمارکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێ فریاکەوتنی نەخۆشخانەیەک. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

لە سلێمانی خانمێک دوای نەشتەرگەرییەکی جوانکاری گیانی لەدەستدا

خانمێک لە سلێمانی دوای نەشتەرگەرییەکی جونکاری گیانی لەدەستدا، بەگوتەی پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بووە و بەهۆی سکاڵای کەسوکاری نەخۆشەکەوە ئێستا پزیشکەکە دەستگیراوە.