پسپۆڕێکی ددان لە ئەمریکا: شووشتنی ددانەکان دوای ژەمی خۆراک زیانی هەیە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی دەم و ددان لە ئەمریکا چەند هەڵەیەک لەکاتی شووشتنی ددانەکان باسدەکات و دەڵێت: زۆرینەی خەڵکی بەهۆی نەزانین لە چۆنیەتی شووشتنی ددانەکان دووچاری خوێنبەربوون و کێشەکانی پووک دەبنەوە. 
 
دکتۆر جۆناسان بێردمان، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی دەم و ددان لە ئەمریکا کوالێتی فڵچەی ددان بە گرنگ دەزانێت بۆ شووشتنی ددانەکان و دەڵێت: ''فڵچەی ددان دەبێت نەرم بێت، بەجۆرێک ئازار بە مینای ددان و پووک نەگەیێنێت''، هەروەها بەکارهێنانی فڵچەی ددانی ئەلیکترۆنی بۆ پاککردنەوەی زیاتری ددانەکان بە هەموو ئاراستەیەکدا بە باشتر دەزانێت.''
 
 لەبارەی خێرایی و کاتی شووشتن دکتۆر جۆناسان روونیدەکاتەوە، خێرا شووشتنی ددانەکان ئەگەری کوشتن و لەنێوبردنی وردەزیندەوەرەکان کەمتردەکاتەوە، دامەزراوەی پزیشکانی ددان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کەمترین کاتی ئاسایی بۆ شووشتنی ددانەکان دوو خولەکە.
 
بە گوتەی پسپۆڕەکەی دەم و ددان، دەبێت رۆژانە دووجار ددانەکان بشۆردرێن، چونکە رێگری لە کۆبوونەوەی بەکتریا و پاشماوەی خۆراک دەکات، هاوکات پێش خەوتن و بەیانیان دوای لەخەوهەڵسان بە دوو کاتی گرنگ بۆ شووشتنی ددانەکان دادەنێت. 
 
دکتۆر جۆناسان پێشنیازدەکات ماوەی نێوان ژەمی خۆراک و شووشتنی ددانەکان نیو کاژێر زیاتر بێت، بەهۆی دروستبوونی ترشێتی نێودەم دوای ژەمی خۆراک، چونکە دوای ژەمی خۆراک شووشتنی ددانەکان زیان بە مینای ددان دەگەیێنێت و داخوران دروستدەکات. 
 
پسپۆڕەکەی دەم و ددان هەڵەیەکی باو باسدەکات و دەڵێت: ''فڵچەی ددان دەبێت بە گۆشەی 45 پلە بەکاربێت، لەهەمان کاتدا جووڵەی فڵچە لە راستەوە بۆ چەپ نەجوڵێندرێت، بەڵکو دەبێت بە جووڵەی بازنەیی بێت و بەشی پشتەوەی ددانەکانیش پاکبکرێنەوە.'' 
 
سەبارەت بە ماوەی گۆڕینی فڵچەی ددان دکتۆر جۆناسان سێ مانگ جارێک بەباش دەزانێت، چونکە لێواری فڵچەکە دادەخورێت و بەمەش کاریگەرییەکەی لە پاککردنەوەی ددانەکان کەمدەبێتەوە.  
 
پسپۆڕەکە دەڵێت: ''پەتی ددان پاککردنەوە دەبێت وەکو رۆتینێک لە دوای هەر شۆردنی ددانێک بەکاربهێندرێت و وەکو تەواوکەرێکی شۆردنی ددان دادەندرێت.''
 
لە کۆتاییدا دکتۆر جۆناسان دەڵێت: ئەو هەویری ددانانەی مادەی فلۆرایدیان تێدایە بۆ سپیکردنەوە و خاوێنی ددانەکان کاریگەرییان زیاترە، بەڵام بە بڕی پێویست بەکاربێت، هەروەها دەشڵێت: هاووڵاتییان ساڵانە دووجار پشکنینی رۆتینی پووک و ددان بکەن.