حەبی دژە سکپڕی ئارەزووی سێکس زیاددەکات؟

14-01-2020
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
نیشانەکردن حەبی دژە سکپڕی
A+ A-

رووداو- هەولێر

شێوازی جیاواز هەن بۆ رێگری لە دووگیانبوون، یەکێکە لەوانەش بەکارهێنانی حەبە، ئەو حەبانەی بۆ رێگری لە دووگیانبوون بەکاردەهێنردرێن دەکرێت تێکەڵەی هەردوو هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پرۆجێستین بن یان بە تەنیا پرۆجێستینیان تێدابێت.
وەک هەموو حەبەکانی دیکەش لێکەوتەی خراپی هەیە، مەرج نییە لە هەموو خانمێکدا ئەو لێکەوتانە دەرکەون بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لێکەوتە نەخوازراوەکان بریتین لە:


ئازاری مەمک
بەکارهێنانی حەبی دژە سکپڕی لەوانەیە ببێتەهۆی گەورەبوونی مەمک و هەستکردن بە ئازار، ئەمەش ئاساییە و پێویستی بە راوێژی پزیشک نییە، چونکە دوای چەند هەفتەیەک لە بەکارهێنانی حەبەکە ئازارەکە نامێنێت، بۆ کەمکردنەوەشی خانمەکە دەبێت خواردنی کافاین و خوێ سنورداربکات و ستیانی نەرم بپۆشێت، بەڵام ئەگەر خانمەکە هەستی بە ئازار و بوونی گرێیەک لەنێو مەمک کرد پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.

سەرئێشە
بەهۆی ئەوەی حەبەکان لە هۆڕمۆن دروستدەکرێن، ئەگەری سەرهەڵدانی سەرئێشە یان نۆرەی شەقیقە زۆرترە، بەڵام ئەگەر حەبەکان بە بڕێکی کەم بەکاربهێنرێن مەترسیی تووشبوون بە سەرئێشە و سەرهەڵدانی نۆرەی شەقیقە کەمتردەبێتەوە.

قەڵەوبوون
هەرچەندە توێژینەوەکان هیچ پەیوەندییەکیان نەدۆزیوەتەوە لەنێوان بەکارهێنانی حەبەکانی دژی سکپڕی و زیادبوونی کێشی جەستە، بەڵام لەوانەیە ئەو حەبانە ببنەهۆی کۆبوونەوەی شلەکانی جەستە، بەشێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە، بەکارهێنانی شەش بۆ 12 مانگ ئەو حەبانەی بەتایبەتی پرۆجێستینیان تێدایە، لەوانەیە دوو کیلۆگرام لە کێش زیادبکات.

کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکس
بۆ بەشێکی خانمان بەکارهێنانی ئەو حەبانە لەوانەیە ببێتەهۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی، ئەگەر ئەمەش درێژخایەنبوو و گرفتی بۆ خانمەکە دروستکردبوو باشتروایە پزیشکەکەی ئاگاداربکاتەوە. بەپێچەوانەوە بۆ هەندێ لە خانمان لەوانەیە بەکارهێنانی حەبەکان ئارەزووی سێکسیان زیادبکات.

ناجێگیری دەروونی
توێژینەوەکان دەریانخستووە بەکارهێنانی حەبەکانی مەنعکردن ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی زیاددەکات، تەنانەت لەوانەیە خانمەکە هەستیارتربێت لەرووی سۆزدارییەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە