لە سویسرا ئامێرێک بۆ دووبارە کارکردنەوەی جگەر لە تووشبووانی پەککەوتنی جگەر دروستدەکرێت

رووداو- هەولێر

پزیشکانی زانکۆی زوریخ لە سویسرا ئامێرێکی نوێیان دروستکردووە کە یارمەتی دووبارە کارکردنەوەی جگەر دەدات لەو کەسانەی تووشی پەککەوتنی جگەر دەبن.

دروستکردنی ئامێرێکی لەمشێوەیە لەکاتێدایە، زۆربەی ئەوانەی تووشی پەککەوتنی جگەر دەبن بەهۆی دەستنەکەوتنی ئەندامەکە نەشتەرگەری چاندنی جگەریان بۆ ناکرێت، بۆیە بەم ئامێرە تازەیە فرمانی جگەر تاڕاددەیەک ئاسایی دەبێتەوە و دەتوانرێت لەڕێگەیەوە جگەر لە دەرەوەی جەستە بۆ ماوەی هەفتەیەک بهێڵدرێتەوە.

د. پێری ئالەین، بەڕێوەبەری بەشی نەشتەرگەری و چاندنی ئەندامەکان لە نەخۆشخانەی زانکۆی زوریخ دەڵێت، گرووپەکەی ئەوان پێکدێت لە پزیشکانی نەشتەرگەر، بایۆلۆجی و ئەندازیارەکان بۆ ماوەی چوار ساڵە کار لەسەر دروستکردنی ئەو ئامێرە دەکەن.

پرۆژەی دروستکردنی ئامێرەکە لە ساڵی 2015ـەوە دەستیپێکردووە و پزیشکان جگەری بەشداربووانی توێژینەوەکەیان بۆماوەی 12 کاژێر لەنێو ئامێرەکەدا داناوە و دواتر بۆیان دەرکەوتووە، ئامێرەکە توانیویەتی چەورییە نیشتووەکانی نێو جگەر لاببات و بەشێکی جگەر دووبارە دروستبکاتەوە.

پزیشکانی زانکۆی زوریخ دەڵێن، بەم رێگەیە دەتوانن ژیانی هەموو ئەو کەسانە رزگاربکەن کە تووشی شێرپەنجەی جگەر یان پەککەوتنی دەبن.