لێکۆڵینەوەیەک: چەرەزات مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە کەمدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەبیرچوونەوە کێشەیەکی تەندروستییە کە چارەسەرکردنی بە دەرمان زەحمەتە، بەڵام پێدەچێت هەندێک پێکهاتەخۆراکی نهێنی لەنێو ژەمەکانی رۆژانەماندا هەبن و مێشکمان بەهێز بکەن.
ئەو نهێنییەی باسی دەکەین، چەرەزاتە. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ پێمان دەڵێت، خواردنی چەرەزات بە شێوەیەکی رۆژانە، مەترسیی تووشبوونمان بە لەبیرچوونەوە کەمدەکاتەوە.
زانایانی زانکۆی کاستیا لامانچای ئیسپانیا داتای 50 هەزار کەسیان کۆکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، ئەوانەی رۆژانە 30 گرام، واتە نزیکەی مشتێک چەرەزات دەخۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە و لاوازبوونی یادگە، 16% کەمترە بەراورد بەوانەی چەرەز ناخۆن.
لێکۆڵینەوەکە پێشانی دەدات، ئەگەر چەرەزاتەکە سوێر نەکرابێت، باشترە؛ مەترسییەکە 17% کەمدەکاتەوە.
بەگوێرەی زانایانی لێکۆڵینەوەکە، چەرەزات کە دەوڵەمەندە بە ماددەخۆراکیی دژە هەوکردن و دژە ئۆکسید، دەکرێت مێشکیش بەهێز بکات.
بەڵام ئەم سوودەی چەرەزات بە شێوەیەکی سەرەکی لەنێو ئەو کەسانەدا بیندراوە کە کێشیان زۆر نییە، خەویان رێکە، جگەرە ناکێشن و کحول ناخۆنەوە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە پێگەی GeroScience بڵاوکراوەتەوە.