راپۆرتی پزیشکیی کۆشکی سپی: کامالا هاریس لە ''باشترین دۆخی تەندروستی''ـیدایە

رووداو - تەندروستی

نوێترین راپۆرتی کۆشکی سپی تایبەت بە دۆخی تەندروستیی کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، لە ''باشترین دۆخی تەندروستی''ـیدایە و شیاوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی.
 
جاشوا سایمۆنز، پزیشکیی تایبەتیی کامالا هاریس لە کۆشکی سپی، خۆی واژۆی راپۆرتی پزیشکیی کامالای کردووە و دەڵێت: ''کامالا تەندروستە''.
 
جاشوا سایمۆنز دەشڵێت: هاریس خۆڕاگرە و دەتوانێت بەسەر گوشارە جەستەیی و دەروونییەکاندا زاڵبێت و بەباشی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی جێبەجێبکات.
 
راپۆرتی پشکنینە پزیشکییەکە 12ـی تشرینی یەکەم راگەیێندراوە و ئەم خاڵانەی خوارەوە لەسەر هاریس باسکراون؛
 
- تەمەنی کامالا هاریس 59 ساڵە.
- لە ماوەکانی رابردوو تووشی هەستیاریی پێست و بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە بووە.
- دەرمانی چارەسەری بەرگریی جەستەی وەرگرتووە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەستیارییەکەی.
- کێشەی دووربینی هەیە و شتە دوورەکان بە لاوازی و بە ڵێڵی دەبینێت، بەڵام بۆ نزیک کێشەی نییە.
- شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن، بەرزیی چەوری، نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکانی نییە.
- هیچ شێرپەنجەیەکی نییە.
- تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامین D3 وەردەگرێت بۆ باشترکردنی توانای ئێسکەکانی.
- رۆژانە وەرزشی تووندی راهێنانەکانی ئایڕۆبیک دەکات وەکو 'بازدان، پەتپەتێن، پایسکیل لێخوڕێن، مەلەوانی و راکردن...'.
- خۆراکی تەندروست دەخوات.
- جگەرەناکێشێت و هەندێکجار دەخواتەوە.
- هەموو رۆتینەکانی کوتانی ئەنجامداوە.
- دڵ، سییەکان، رژێنی پەریزاد، جگەر، گورچیلە و سپڵی تەندروستن.
- پشکنینی پێستی ئاساییە، سەرەڕای بوونی چەند شوێنێکی سووتاو بە خۆر.
- رێژەی ڤیتامین B12 و فۆڵەیت ئاسایین.
- رێژەی چەورییەکانی ئاساین.
- رێژەی ڤیتامین Dـیەکەی کەمە و 22.2 نانۆگرام/میلیلیترە.
 
کامالا هاریس لەماوەی سێ ساڵی رابردوو بەردەوام چارەسەری بەرگری لە هەستیاری (حەساسییەت)ی وەرگرتووە، پزیشکەکەی دەڵێت، کاریگەریی باشی هەبووە لەسەر چارەسەری هەستیارییەکەی، بەجۆرێک ئیدی پێویستی بە بەکارهێنانی دەرمان نییە.
 
بڵاوکردنەوەی راپۆرتی پزیشکیی کامالا هاریسی 59 ساڵان بۆ ئەوەیە بگوترێت کە تەندروستیی باشە و رکابەرە 78 ساڵانەکەی بەتەمەنە و توانای سەرکردایەتیکردن و کەسی یەکەمی ئەمریکای نەماوە.