لێکۆڵینەوەیەک: وازهێنان لە جگەرەکێشان لە هەر کاتێکدا بێت، تەمەن درێژدەکات

رووداو - تەندروستی 

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئەمریکی دەریدەخات، لە هەر کاتێک و لەهەر تەمەنێکدا واز لە جگەرەکێشان بهێنیت، ئەوا کاریگەریی دەبێت لەسەر درێژکردنەوەی تەمەن و  بە تەندروستهێشتنەوەی جەستە.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا کراو و دەرکەوت، هەمیشە وازهێنان لە جگەرەکێشان کاریگەریی دەبێت لە درێژکردنەوەی ماوەی تەمەن و تەندروستی بەرەو پێشەوە دەبات.
 
توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات، جگەرەکێشێکی 35 ساڵان ئەگەر واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، ئەوا بە نزیکەیی هەشت ساڵ لە تەمەنی زیاددەکات، هەروەها ئەوانەشی کە تەمەنیان سەروو 65 ساڵە بە نزیکەیی دوو ساڵ تەمەنیان درێژتر دەبێتەوە.
 
هۆکاری ئەو تەمەندرێژییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەگەڵ وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلەکێشان مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە کوژەرەکان و مردنی لەناکاو کەمدەبێتەوە.
 
بەپێی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، چەند گۆڕانکارییەک بەسەر جەستەی هەر کەسێکدا دێت کە واز لە جگەرە و نێرگەلە بهێنێت وەکو؛
 
- دوای 20 خولەک؛ لێدانی دڵ رێک دەبێتەوە و کەسەکە دڵەکوتێ و ناڕێکی لێدانی دڵی کەمدەبێتەوە.
 
- دوای 8 کاژێر؛ ئاستی ئۆکسجین ئاسایی دەبێتەوە و کەسەکە هەست بە ئاسوودەیی لە هەناسەدان دەکات، تەنانەت رێژەی ئۆکسجینیش بۆ ئەندامەکانی جەستە زیاددەبێت.
 
- دوای 48 کاژێر؛ سییەکان پاکدەبنەوە و بۆنکردن و تامکردن ئاسایی دەبنەوە.
 
- دوای 72 کاژێر؛ هەناسەدان ئاسوودەتر دەبێت و کەسەکە ناڕێکییەکانی هەناسەدان بە لووت و دەمی کەمدەبێتەوە، ئەگەری تووشبوونی بە هەناسەتەنگیش نامێنێت.
 
- دوای 2 بۆ 14 هەفتە؛ سووڕی خوێن ئاسایی دەبێتەوە و جووڵە و چالاکیی جەستەیی باشتردەبن.
 
- دوای 3 بۆ 9 مانگ؛ کۆکە و هەناسەتەنگی نامێنن و چالاکیی سییەکان 10٪ زیاددەکات.
 
- دوای یەک ساڵ؛ ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە کەمدەبێتەوە و لوولەکانی خوێن لە نیکۆتین پاکدەبنەوە، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن کەمدەبێتەوە.