ئەمڕۆ لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە ئەڵمانیا دەستپێدەکات

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

ئەمساڵیش لە ئەڵمانیا لووتکەی تەندروستیی جیهانی بەڕێوەدەچێت و رێنوێنییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە کەرتی تەندروستیدا دوو لە مژارە سەرەکییەکانی لووتکەکەن؛ تیمێکی لووتکەی تەندروستیی کوردستانیش ئامادەدەبن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2024 یەکەم رۆژی لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەستپێدەکات و پانێڵەکانی نێو لووتکەکە پێشکێشدەکرێن؛ تیمێکی لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە یاوەریی د. ئاراس برادۆستی، سەرۆکی لووتکەکە بەشداردەبێت.
 
لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانی زیاتر لە 10 هەزار کەس لە رێگەی ئۆنلاین و سێ هەزار کەسیش بەشێوەی راستەوخۆ لە بەرلین بەشداردەبن، هەروەها 350 قسەکەر و 100 وڵاتی جیاوازیشی تێدادەبێت، هاوکات لووتکەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە 13 تاوەکو 15ـی تشرینی یەکەم بەردەوامدەبێت و پانێڵە جیهانییەکان پێشکێشدەکرێن.
 
ئەمساڵ لەژێر درووشمی ''بنیاتنانی متمانە بۆ جیهانێکی تەندروست'' لووتکەکە بەڕێوەدەچێت و لەژێر سەرپەرشتیی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و د. تیدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەبێت.
 
ئەکسل رادلاخ پریس، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی جیهانییە و دەڵێت: "متمانە، سۆز و خۆشەویستیی ئەرێنی بنەمای سەرەکیی کۆمەڵگەکانە، ئێمە لە هەموو ئاستەکاندا کاردەکەن لە هاوسەرەکانەوە بگرە تاوەکو خێزان، هۆز و دەوڵەتەکان و تاوەکو تەواوی مرۆڤایەتیش."
 
ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، تیمێک لە لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە یاوەری د. ئاراس برادۆستی، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە لووتکەی تەندروستیی جیهانی بەشداردەبێت.
 
ئەم تەوەرانە لە لووتکەکەدا گرنگترینن:
 
- چارەسەرەکانی کێشە ئابوورییە جیهانییە تەندروستییەکان
- رێکارەکانی پێشگیریکردن و گەنگەشەکردنی بەهێزبوونی بەکتریاکان
- رێنوێنییەکانی پاراستنی تەندروستیی خانمان و منداڵان
- جێبەجێکردنی رێکارەکانی پێشگیری لە پیسبوونی زیاتری کەشوهەوا
- رۆڵی ژیریی دەستکرد لەنێو کەرتی تەندروستی
- کەمکردنەوەی ژمارەی مردنی پێشوەختە لە جیهاندا
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە