ئەندازیارێکی کشتوکاڵ: رێژەی سەوزایی لە هەولێر نزیکبووەتەوە لە ئاستی ستانداردی جیهانی

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری نەمامگەی نموونەیی 2ـی هەولێر و ئەندازیاری کشتوکاڵ رایدەگەیێنێت، ئێستا رێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 22٪ـە و پێویستە بگەیێندرێتە 30٪، بۆ ئەو مەبەستەش چاندنی نەمام پێشنیاز دەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی ئابی 2024 هاوکار عەبدولعەزیز، ئەندازیاری کشتوکاڵ بە رووداوی گوت، هەر ماڵێک پێویستە دوو داری هەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، بەدەم هەڵمەتی چاندنی نەمامەوە بچن و بێبەرامبەر ئەندازەی پارکەکانی هەولێر داریان دەداتێ.
 
هاوکار عەبدولعەزیز دەڵێت: رێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 22٪ـە، لەکاتێکدا ستانداردی جیهانیی رووبەری سەوزایی بۆ هەر پارێزگایەک دەبێت زیاتر لە 30٪ بێت، بەڵام ئەم ئەندازیارەی کشتوکاڵ دەڵێت، رێژەکە بەگوێرەی دانیشتووانی شاری هەولێر لە ئاستی پێویستە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا هاوکار عەبدولعەزیز باسی جۆری ئەو دارانە دەکات کە دابەشی دەکەن و دەڵێت: ''دارەکان بەرگەی هاوین و بەرزترین پلەی گەرمی دەگرن''.
 
لە 18 پارێزگاکەی عێراق و هەرێمی کوردستان 12یان بەتەواوەتی ژینگەیان "ناتەندروستە" و 6یان لەنێویاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان "ژینگەیان خراپە."
 
رێکخراوی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ژینگەی عێراق رایگەیاند: "رۆژی دووشەممە، 12ـی ئاب، دیسانەوە ئاستی پیسبوونی هەوای پارێزگاکانی عێراق بەرزبووەوە، پارێزگای ئەنبار لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق زۆرترین پیسبوونی ژینگەی تۆمارکردووە، دوای ئەویش پارێزگاکانی دیالە و کەربەلا و پاشان بەغدا دێت."
 
ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، بۆ زیادکردنی سەوزایی هەڵمەتێکی فراوانیان لە گەڕەکەکاندا دەستپێکردووە و دار دەچێنن. بەرپرسێکیان دەڵێت، ئەو دارانەی دەچێندرێن بەرگەی گەرما و کەشی هەولێر دەگرن.
 
 سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکان گوتی، دوای راگەیاندنی پیسبوونی هەوای هەولێر هەڵمەتی چاندنی داریان فراوان کردووە و لە چەند شەقامێکیش داریان چاندووە.
 
ئەندازیار ئەمال مەجید، سەرۆکی رێکخراوی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی ئەو ئاستانە، هەوای هەندێک لە شار و پارێزگاکانی عێراق بۆ ژیان گونجاو نین و نابێت خەڵک تێیاندا بژی.