توێژینەوەیەک: خواردنەوەی کحول بە بڕێکی کەمیش بێت زیان بە تەندروستی دەگەیێنێت

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆتۆنۆمیی مەدرید لە ئیسپانیا ئاماژە بەوەدەکات، خواردنەوەی کحول بە بڕێکی کەمیش بێت زیان بە تەندروستی دەگەیێنێت و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات. 
 
ئەم توێژینەوەیە بە بەشداری زیاتر لە 135 هەزار کەس کراوە و دەرکەوتووە، هیچ بڕێکی کحول سەلامەت نییە، خواردنەوەی کحول بە بڕی کەم ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، نەخۆشیەکانی دڵ و نەخۆشییەکانی جگەر زیاددەکات. 
 
د. رۆزاریۆ ئۆرتالۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''یەک دلۆپی کحول دەشێت مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە بەرزبکاتەوە''. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان زیان بە تەندروستیی مرۆڤەکان دەگەیێنێت، مەترسیی نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاتر دەکات، دۆخی دەروونی تێکدەدات و بە شێوەیەکی تراژیدی ساڵانە ملیۆنان کەس دەکوژێت.
 
بە پێی WHO، ساڵانە نزیکەی 2.6 ملیۆن کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولەوە گیانلەدەستدەدەن.