لە ئەمریکا کاتژمێرێکی زیرەک بۆ دەستنیشانکردنی ناڕێکییەکانی دڵ لە منداڵان بەکاردەهێندرێت

رووداو - تەندروستی 

لە ئەمریکا کاتژمێرێکی زیرەک بۆ دەستنیشانکردنی ناڕێکییەکانی دڵ لە منداڵان بەکاردەهێندرێت و پزیشکان بە رێگەیەکی باش بۆ چاودێریی تەندروستیی دڵی منداڵان دایدەنێن.
 
د. سکۆت سێریزناک، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە ناوەندی پزیشکیی ستانفۆرد دەڵێت: ''کاتژمێرەکە دەتوانێت ناڕێکیی لێدانی دڵ بپێوێت و چاودێریی پەستانی خوێنی منداڵ بکات، تاوەکو لە ئەگەری هەر کێشەیەک چاودێری منداڵەکە زوو ئاگاداربێت''.
 
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی قوتابخانەی پزیشکیی ستانفۆرد، کاتژمێرە زیرەکەکان دەتوانن یارمەتیی پزیشکان بدەن بۆ دەستنیشانکردنی ناڕێکیی لێدانەکانی دڵ لە منداڵاندا، چونکە زۆرینەی کێشەکانی دڵ لە منداڵان بە بێدەنگی کار لە منداڵەکە دەکەن و لەناکاو نیشانە مەترسیدارەکانی دەردەکەون.
 
بە گوێرەی دامەزراوی نێودەوڵەتیی نەخۆشییە دەگمەنەکان، زۆرترین ئەو نەخۆشییانەی کە منداڵان بە سکماکیی تووشیان دەبن کێشەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنە پاشان داون سیندرەم.