نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ئەورووپا رێژەی مردن بەهۆی گەرماوە 30٪ بەرزبووەتەوە

13-07-2024
شکار رێبوار
هاووڵاتییەکی ئەورووپی بەهۆی گەرماوە ئاو بە سەری دا دەکات. وێنە: DW
هاووڵاتییەکی ئەورووپی بەهۆی گەرماوە ئاو بە سەری دا دەکات. وێنە: DW
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

گەشتیاران لە وڵاتە ئەورووپییەکان سەریان سوڕماوە لە گەرمای ئەمساڵ، هەندێکجار لوورەی ئامبولانسەکان قوربانییانی گەرمابردن دەگوازنەوە.
 
لە بوخاریستی پایتەختی رۆمانیا پلەی گەرما گەیشتووەتە 44 پلەی سیلیزی و تێکچوونی باری تەندروستیی خەڵک زیادبووە بەتایبەت تووشبوون بە جەڵتەی گەرما و گەرمابردن، پسپۆڕێک دەڵێت، مەرج نییە تەنیا لەکاتی تینوویەتی ئاو بخورێتەوە.
 
دکتۆر برادلی فلیپس، دەرمانساز لە زانکۆی فلۆریدا دەڵێت: ''ئەگەر تۆ ئەو دەرمانانە بەکاردەهێنیت کە شلەی جەستە کەمدەکەنەوە، رەنگە ئارەقکردنەوە کەمبکەنەوە کە بەشێوەیەکی ئاسایی جەستە دروستی دەکات، من پێشنیازی ئەوە دەکەم کە دڵنیابن لە خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو بۆ مانەوەی جەستە بە شێداری، پشت بە هیچ نیشانەیەکی تینوویەتیت مەبەستە''.
 
خەڵک چەتر و کڵاویان پێیە و نایانەوێت خۆر زیانیان پێبگەیەنێت. بەشێکیشیان بە باوەشێنی دەستی و شنەی ئاو خۆیان فێنکدەکەنەوە. 
 
گەشیارێک لە رۆمانیا گوتی، ''سەخترین شت ئەوەیە کە لە شوێنێکی کراوەیت کە هیچ سێبەرێکی لێ نییە، بەڕاستی هەست بە گەرمیی قیرەکە دەکەیت کە لە روخسارت دەدات، چاویلکەی خۆر و کڵاوێکم کڕی بۆ ئەوەی کاریگەریی گەرماکە کەمبکەمەوە''.
 
بە گوێرەی ناوەندی CDC لە ئەمریکا، لە هاویندا یەکێک لە مەترسییەکانی گەرما بۆ پێست، شێرپەنجەیە. بۆیە هۆشداری دەدرێت لە خۆپاراستن لە تیشکی زیانبەخشی خۆر.
 
دکتۆر برادلی فلیپس روونی دەکاتەوە، ''تاوەکو دەرمانەکان هەستیاری پێست زیادبکەن، پێویستە جلوبەرگی گونجاو لەبەربکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی رێگری لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەکەن، هەروەها دڵنیابیتەوە لە بەکارهێنانی دژەخۆر لەو شوێنانەی بەرکەوتنیان بە خۆر هەیە''.
 
ئەمساڵ لە وڵاتانی ئەورووپا هۆشدارییەکان بۆ خۆپاراستن لە گەرما زیادبوون، بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەورووپا رێژەی مردن بەهۆی گەرما و لێکەوتەکانی، لە 20 ساڵی رابردوودا 30٪ زیادبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە