CDC: بەهۆی بەکارهێنانی دەرزیی ساختەی بۆتۆکسەوە 13 خانم لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن
رووداو - تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت، چەند خانمێک بەهۆی بەکارهێنانی دەرزیی ساختەی بۆتۆکس تەندروستییان تێکدەچێت و لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن.
راپۆرتێکی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، لە ماوەی پێنج مانگدا 17 خانم دووچاری کاریگەرییە مەترسیدارەکانی دەرزیی بۆتۆکس بوون و دەرکەوت، دەرزییەکان ساختەن و لەلایەن کەسانی ناشارەزاوە کراون.
ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، 13 خانم لە نەخۆشخانە خەوێندراون و یەکێکیان ئامێری هەناسەدانی دەستکردی بۆ دانراوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدەکرێت کە خانمەکان لە شوێنێکی نایاسایی لە ویلایەتی تێنیسی دەرزییەکەیان لەلایەن کەسێکی ناشارەزا بۆ کراوە و ویستوویانە چرچولۆچیی روخساریان کەمبکەنەوە.
بە گوتەی د. کریستین تۆماس، بەرپرسی بەشی پزیشکی لە تەندروستیی ویلایەتەکە، دەرزییە ساختەکانی بۆتۆکس لەلایەن کەسێکی بێمۆڵەت لە ماڵێکدا لەو خانمانە دراون.
د. کریستین تۆماس دەڵێت: ''دژە ژەهری بۆتوڵینیۆم دراوە بە خانمەکان تاوەکو لەو ژەهراویبوونە بپارێزرێن کە دەرزییە ساختەکان دروستیان کردووە''.
نیشانەکانی ئەو خانمانەی دەرزیی ساختەی بۆتۆکسیان بەکارهێناوە؛
- لێڵبوونی بینین
- تەمبەڵی پێڵووی چاو
- قورسیی قوتدان
- وشکیی لێو و نێو دەم
- هەناسەتەنگی
- لاوازی و بێهێزی
لەم بارەیەوە FDA رایدەگەیەنێت، بۆتۆکسی ساختە لانیکەم 20 ساڵە لەنێو ئەمریکادا هەیە و زۆرینەی خەڵکیش بە ئۆنلاین دەستیان دەکەوێت.
دەزگاکە چەند رێنوێنییەکی ئەنجامدانی بۆتۆکس پێشنیاز دەکات وەکو؛
- دڵنیابوونەوە لە شارەزایی ئەو کەسەی بۆتۆکسەکە دەکات.
- هەر دەرزییەکی بۆتۆکس بە ئینگلیزی لەسەری نەنووسرابوو، ئەوا ساختەیە.
- بەبێ راوێژی پزیشک و بینینی پزیشک، دەرزییەکە بەکارنەیەت.
- بڕی گونجاو لە دەرزییەکە بەکاربێت.
- بەرهەمی لەو شێوەیە بە رێگەی ئۆنلاین نەکڕدرێت.
لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا باس لە دەرزیی بۆتۆکس دەکرێت.
لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا باس لە دەرزیی بۆتۆکس دەکرێت.