رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی خۆراکی راوێژکار لە هیندستان باسی ئەو خۆراکانە دەکات کە ئارەقکردن کەمدەکەنەوە، چونکە هەندێکجار دەبێتەهۆی بێزاری و کێشەی دەروونی.
هاری لاکشمی، پسپۆڕی خۆراکی راوێژکار دەڵێت: ''ئارەقکردنەوە کردەیەکی فیسیۆلۆژی جەستەییە و بۆ هاوسەنگکردنی پلەی گەرمیی جەستە پێویستە، بەڵام دەکرێت بەهۆی چەند کاریگەرییەک رێژەکەی کەم یاخود زیادبکرێت.''
پسپۆڕەکە بەشێک لەو خۆراکانە رووندەکاتەوە کە دەشێت ئارەقکردنەوە کەمبکەنەوە و لەبارەی خواردنەوەی ئاوەوە دەڵێت: ''خواردنەوەی ئاوی پێویستی رۆژانە پلەی گەرمیی جەستە بە هاوسەنگی دەهێڵێتەوە، بەجۆرێک رۆژانە پیاوان زیاتر لە 3.5 لیتر و خانمان 2.5 لیتر بخۆنەوە.''
هەروەها دەشڵێت: ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵەکان وەکو 'خۆراکە دەنەوێڵەی تەواوەکان، برنج و ئاردی بۆر و شۆفان' هەرسکردن خێرادەکەن، بەمەش پلەی گەرمیی بە جێگیری دەهێڵنەوە و ئارەقکردنەوە کەمدەکەنەوە.
بە گوتەی هاری لاکشمی، ئەوانەی خۆراکی دەوڵەمەند بە چەورییە ناتێرەکان دەخۆن وەکو 'زەیتی زەیتوون، گوێز و ماسی' کەمتر ئارەقدەکەنەوە بەراورد بەوانەی چەورییە تێرەکان دەخۆن، چونکە خۆراکی قورس وادەکات جەستە وزەیەکی زۆر بەکاربهێنێت بۆ هەرسکردن، سەرئەنجام ئارەقکردنەوە زیاددەبێت.
لە بارەی میوەکانیشەوە دەریدەخات، ئەو سەوزە و میوانەی بڕێکی زۆر ئاویان تێدایە وەکو 'ترێ، شووتی، سێو، هەرمێ، پرتەقاڵ، خەیار و سپێناخ' دەشێت یارمەتیدەربن لە کەمکردنەوەی ئارەقکردنەوە.
هەرچەندە خواردنەوەی شلەمەنی و خواردنەوە گەرمەکان ئارەقکردنەوە زیاددەکەن، بەڵام بە گوتەی پسپۆڕەکەی خۆراک خواردنەوەی چای سەوز یارمەتیدەرە لە باشتربوونی ناوەندە کۆئەندامی دەمار و کۆنتڕۆڵکردنی ئارەقکردنەوە.
پسپۆڕەکە گوتی، خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی بڕێکی زۆر لە کافایینایان تێدایە یاخود خواردنەوەی کحول ئارەقکردنەوە زیاددەکەن، چونکە دەبنەهۆی زیادبوونی گوشاری دەروونی کە هاندەرێکی سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ