توێژینەوەیەک لە ئەمریکا: دەنکۆڵەی خەو نیشانەکانی لەبیرچوونەوە پێشدەخات

13-02-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو – تەندروستی 

پەیمانگەیەکی توێژینەوە لە ئەمریکا کاریگەرییەکی نەرێنیی دەنکۆڵەی خەو ئاشکرادەکات و رایدەگەیێنێت، نیشانەکانی لەبیرچوونەوە پێشدەخات و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر زیاددەکات.
 
پەیمانگەی توێژینەوەی ناوەندی پزیشکیی کالیفۆرنیا دەریدەخات، بەکارهێنانی دەنکۆڵەی خەو لە بەساڵاچوواندا هۆکارێکە بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی لەبیرچوونەوە و لاوازیی فێربوون و بیرکردنەوەیان، بەجۆرێک 30٪ مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر زیاددەکات. 
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بڵاوکراوەتەوە و نزیکەی سێ هەزار بەساڵاچووی تەمەن 65 بۆ 80 ساڵ بەشداریان تێداکردووە، دەرکەوتووە 30٪ـی بەشداربووان دووچاری نیشانەکانی لەبیرچوونەوە بوون، بەتایبەت لەو کەسانەی کە مانگانە 15 دەنکۆڵەی خەویان خواردووە. 
 
دکتۆر یو لێنگ، پسپۆری مێشک و دەمار لە پەیمانگەکە دەڵێت: ''لێکوڵینەوەی زیاتر پێویستە لەبارەی دەرخستنی پەیوەندیی نێوان نیشانەکانی لەبیرچوونەوە و دەنکۆڵەی خەو''، هەروەها روونیدەکاتەوە، دەشێت یەکێک لە نیشانەکانی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر بە ناڕێکیی خەو دەستپێبکات. 
 
پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: پێش ئەوەی هەر کەسێک دەرمانی خەو بخوات، پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ بکات، بۆ ئەوەی زانیاریی لەبارەی کارلێککردنی دەرمانەکان لەگەڵ دەنکۆڵەی خەو بە بەکارهێنەر بدات، هەروەها پسپۆڕەکە ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستە مێژووی پزیشکی و شێوازی ژیانی چارەخوازان لەدەستنیشانکردنی دەرمانەکان لەبەرچاو بگیرێت.
 
بە گوێرەی دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا، نابێت کحول و دەرمانە ئازارشکێنەکان لەگەڵ دەنکۆڵەی خەو بەکاربهێندرێن، هەروەها جەخت لەوەش دەکاتەوە کە جگە لە کاتی خەوتن دەنکۆڵەی خەو هیچ کاتێکی دیکە بەکارنەهێندرێن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە