تەندروستیی جیهانی داوای 43 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەکات

13-02-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 43 ملیۆن دۆلار دەکات بۆئەوەی هاوکاریی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شووبات بکات؛ ئەوەش دوای ئەوە دێت کە بەڕێوەبەری رێکخراوەکە سەردانی ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی کرد.
 
تێدرۆس ئەدهانۆم گابرەیسوس، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، "ئەمڕۆ داوایەکمان بۆ تەرخانکردنی 43 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ پاڵپشتیکردنی هاوکاری بۆ تەندروستیی جیهانی کردووە." گوتیشی، ئەو بڕە بەگوێرەی زیادبوونی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە زیاد دەکات.
 
ئەدهانۆم رۆژی شەممە سەردانی حەلەبی کرد و گوتی، بەرپرسانی سووریا ئامادەییان دەربڕیوە دەروازەی زیاتر لەنێوان وڵاتەکەیان و وڵاتانی دیکە بکرێنەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان.
 
بەگوێرەی نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا لانیکەم 4,300 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و سەرووی 7600 کەسیش بریندار بوون.
 
تێدرۆس رۆژی شەممە گەیشتە سووریا و سەردانی چەند ناوچەیەکی کرد. تائێستا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەکانی 110 تۆن پێداویستیی پزیشکییان بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکانی رۆژئاوی کوردستان و سووریادا دابەشکردووە.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستانەوە 29 هەزار و 605 کەسیش لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە