پزیشکانی بەریتانی: ڤاکسینی کۆرۆنا نابێتەهۆی نەزۆکی لە خانماندا

رووداو- دیجیتاڵ

پزیشکانی پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون لە بەریتانیا دەنگۆی ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەبێتەهۆی نەزۆکی لە خانماندا رەتدەکەنەوە و دەڵێن هیچ بنەمایەکی زانستی نییە.


لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە لەبارەی ئەوەی ڤاکسینی فایزەر-بیۆنتێک دەبێتەهۆی نەزۆکی لە خانماندا یان کاریگەری لاوەکی لەسەر وێڵاش دەبێت لە ماوەی دووگیانیدا، بەڵام پزیشکان ئەم هەواڵانە رەتدەکەنەوە و بە نادروست ناوی دەبەن.

د. لوسی چاپێل، پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە کۆلێژی کینگز لە لەندەن دەڵێت، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە کە بیسەلمێنێت ڤاکسینی کۆرۆنا دەبێتەهۆی نەزۆکی لە خانماندا.

لەبارەی ئەوەی کە ڤاکسینەکە رێگە لە دروستبوونی وێڵاش دەگرێت لەماوەی دووگیانیدا پزیشکان ئەم هەواڵەش رەتدەکەنەوە و دەڵێن خانمان پێویست ناکات بترسن یان تووشی دڵەراوکێ ببن.