زانکۆی ساوپاولۆ لە بەڕازیل: خۆراکە دەستکاریکراوەکان تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاددەکەن

12-12-2022
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو – تەندروستی
 
زانکۆی ساوپاولۆ لە بەڕازیل رایدەگەیێنێت، خۆراکە دەستکاریکراوەکانی وەکو ئایسکرێم، هەمبەرگر، پەتاتەی سورەوەکراو و پیتزا مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاددەکەن و کاریگەری نەرێنی لەسەر توانای مێشک دروستدەکەن. 
 
توێژینەوەکە لە رۆژنامەی دامەزراوەی پزیشکیی ئەمریکی JAMA بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخات، ئەگەر بڕی 20٪ـی خۆراکیی رۆژانە بە خۆراکە دەستکاریکراوەکان پڕبکرێتەوە کە دەکاتە 400 کالۆری لە رۆژێکدا، ئەوا مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاددەکات و توانای فێربوونی مێشک لاوازدەبێت.
 
توێژینەوەکە بە بەشداری 10 هەزار خۆبەخشی بەڕازیلی لە ماوەی 10 ساڵدا کراوە، پێوەرەکانی ژیریی مێشک و توانای فێربوون لە سەرەتا و کۆتایی توێژینەوەکە تۆماردەکران، بەجۆرێک ئەو بەشداربووانەی رۆژانە خۆراکە دەستکاریکراوەکانی وەکو پیتزا، ئایسکرێم، هەمبەرگر و خۆراکە لەقوتووکراوەکانیان دەخوارد بە رێژەی خێراتر توانای فێربوونیان کەمدەبووەوە و نیشانەکانی تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە زیاددەبوو. 
 
دکتۆر ناتالیا گۆنچالڤێز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ساوپاولۆ لە بەڕازیل لەبارەی خۆراکە دەستکاریکراوەکانەوە دەڵێت: ''ئەو خۆراکانەن کە لە کارگەکان لەقوتوو دەکرێن یاخود ئامادەدەکرێن، بەمەبەستی دەستکاریکردنی تام، بۆن و رەنگی خۆراکەکان مادەی خۆراکی وەکو رۆن، پڕۆتین، شەکر و نیشاستەیان بۆ زیاددەکرێت، هەروەها مادەی پارێزەریان تێدەکرێت بۆ پارێزگاریکردن لە تێکچوون و مانەوەی خۆراکەکە بۆماوەیەکی درێژ، هاوکات خۆراکە خێراکانیش بەشێکن لە خۆراکە دەستکاریکراوەکان.''
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە شێوازی ژیانی تەندروست بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: ئەگەر بە یەک یاخود دوو کرداری تەندروست دەستپێبکەین، هەرگیز زوو و درەنگ نییە بۆ ئەوەی ئەم خووە تەندروستانە بخەینە نێو ژیانمانەوە.'' 
 
دکتۆر دەیڤد کاتز، پسپۆڕی خۆراکزانی لە ئەمریکا دەڵێت: ''خۆراکە تەندروستەکانی وەکو 'سەوزە، میوە، دانەوێڵە و پڕۆتین' دەتوانن کاریگەریی خۆراکە دەستکاریکراوەکان لەسەر مێشک و توانای فێربوون کەمبکەنەوە.'' هەروەها دەشڵێت: خۆراکە دەستکاریکراوەکان کوالێتی ژەمی رۆژانە کەمدەکەنەوە و پێویستە بڕێکی کەمیان لێ بخورێت.
 
پڕۆفیسۆر رودی تانز، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی روونیدەکاتەوە، خۆراکە دەستکاریکراوەکان رێژەیەکی زۆر لە شەکر، خوێ و چەوریی زیانبەخشیان تێدایە کە هاندەری هەوکردنەکانی جەستەن.
 
لەکۆتاییدا سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە چەند رێنماییەک دەخاتەڕوو و دەڵێت: ''پەیڕەوکردنی رێژیمی خۆراکیی تەندروست، راهێنانی رۆژانە، خەوی پێویست، هەروەها دوورکەوتنەوە لە جگەرە و کهول بنەما سەرەکییەکانن بۆ هەبوونی شێوازی ژیانێکی تەندروست.''
 
کۆمەڵەی خۆراکزانی لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، خۆراکە دەستکاریکراوەکان مەترسیی تووشبوون بە قەڵەوی، نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجە و نەخۆشیی شەکرە زیاددەکەن، هەروەها بەگوێرەی توێژینەوەیەکی کەنەدی، خۆراکە دەستکاریکراوەکان 50٪ـی ژەمی رۆژانەی خەڵکی کەنەدا پێکدەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.