قەدەخەی هاتووچۆ بەهۆی کۆرۆنا هۆکاربووە بۆ قەڵەوی، شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ



رووداو- هەولێر

سەرۆکی بەشی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان لە سەنتەری پزیشكی جێرسی لە نیوجێرسی رایدەگەیێنێت لەم ماوەی کۆرۆنا بەهۆی زۆر دانیشتنەوە، نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە زیاتردەبن. 

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی سەنتەری پزیشكی جێرسی لە نیوجێرسی لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەهۆی رێکارە تووندەکان و قەدەخەی هاتووچۆ، خەڵکی زۆرتر کاتەکانیان لەماڵەوە بەسەربردووە و جووڵەیان کەمتربووە، دەرکەوتووە بەساڵاچووان زۆرترین زیانی زۆردانیشتن و نەجووڵانیان بەرکەوتووە. 

د. ریچارد یون، سەرۆکی  سەرۆکی بەشی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان لە سەنتەری پزیشكی جێرسی لە نیوجێرسی روونیدەکاتەوە قەدەخەی هاتووچۆ وایکردووە خەڵک زۆرتر لەماڵەوە بمێننەوە، جوڵەیان کەمبێت و زۆرتر دابنیشن، بەمەش مەترسی لەسەریان زۆرترە بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دووەم ببن.

پزیشكە پسپۆڕەکەی سەرپەرشتیاری توێژینەوە ئەمریکییەکە روونیدەکاتەوە بەگشتی زۆردانیشتن و شێوازی ژیانی نەجوڵان، هۆکارن بۆ زیادبوونی نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، جەڵتەی مێشك و دڵ، بەڵام دەشڵێت هەر ئەمە نییە و کۆمەڵێک کەس تووشی خەمۆکی و گرفتە دەروونییەکان بوونەتەوە. 

د. ریچارد یون دەشڵێت زۆردانیشتن مەترسی قەڵەوبوون و پشتئێشە زیاددەکات، ئەمەش چونکە قەڵەوی گوشارێکی زیاتر دەخاتەسەر بڕبڕەکانی پشت و ماسولکەکان لاوازدەکات؛ سەرەنجام پشتئێشەی درێژخایەنی بەدوادادێت.