رووداو - تەندروستی
لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی سکچوون و رشانەوە لە سنووری قەزای شارەزوور تۆمارکران، قایمقامیەتی قەزاکە دەڵێت: تۆڕی ئاوەکە کۆنە و ئێستا لە 200 شوێن شکاوی هەیە، پسپۆڕێکیش هۆشداری لە پەتای ناوچەیی داهاتوو دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە 12-11-2024 د. شاهۆ عوسمان، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی بە رووداوی راگەیاند، تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ لاوازبێت، ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتاکان هاوشێوەی ئەوەی شارەزوور بەردەوام زیاددەبێت و مەترسیی پەتای دیکە لەو ناوچەیە بەردەوامە.
هەر ئەمڕۆ رزگار غەفوور، قایمقامی شارەزوور گوتی، ''ئاوەڕۆی قەزای شارەزوور هی ساڵی 1988ـە و کەڵکی نەماوە، لە 200 شوێنیشەوە بۆرییەکان شکاون و چاکنەکراونەتەوە''، بۆیە د. شاهۆ عوسمان دەڵێت: تێکەڵاوبوونی ئاوەڕۆ لەگەڵ ئاوی خواردنەوەدا ئەگەری بڵاوبوونەوەی سەتان نەخۆشی بۆ خەڵک زیاددەکات.
د. شاهۆ عوسمان دەشڵێت: میکرۆبەکانی وەکو 'کۆلێرا، گرانەتا، ئیکۆڵای، رۆتاڤایرۆس، ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر جۆری A، هەندێکجار ئیفلیجیی منداڵان و مشەخۆرەکان' دەکرێت تووشی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بن کە تۆڕی ئاویان لاوازە.
د. عەبدولفەتاح حەمەڕەحیم هەورامی، پسپۆڕی خۆپاراستنی تەندروستی پێشنیازدەکات، بودجەی پێویست بۆ چاککردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ دابنرێت، چونکە هەرچی نەخۆشیی بە ئاو گوازراوە هەیە دەشێت بۆ خەڵکەکە بگوازرێنەوە.
بە هاونیشتمانییانیشی گوت، رێکارەکانی خۆپارێزی لە سکچوون و رشانەوە جێبەجێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ