قایمقامیەتی شارەزوور: ئەنجامی پشکنینی ئاوی گەڕەکە ژەهراویبووەکانی شارەزوور پاکە
رووداو - تەندروستی
قایمقامی شارەزوور دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی ''ئاوی خواردنەوەیان تێکەڵ بە ئاوەڕۆ بووە'' و بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس ژەهراویبوون، دەڵێت: ئێستا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان سەلامەتە و گونجاوە بۆ خواردنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 12-11-2024 رزگار غەفوور، قایمقامی شارەزوور رایگەیاند، 11 شوێنی شکاوی لە بۆڕیی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکی شارستانی دەستنیشانکراون و چارەسەرکراون.
رزگار غەفوور دەڵێت: ئەنجامی پشکنینەکانی ئاوی گەڕەکە ژەهراویبووەکانی شارەزوور پاکە و ئێستا گونجاوە بۆ خواردنەوە.
لە 7ی ئەم مانگەوە سکچوون و رشانەوە لە قەزای شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەوە. قایمقامی قەزاکە گوتی، "نموونەی ئاوەکەیان پشکنیوە و کێشەی نەماوە."
سامان سابیر، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگ لە قەزای شارەزوور بە رووداوی گوتووە، "ئێستا هیچ نەخۆشێک کە تووشی سکچوون و رشانەوە ببوون، لە نەخۆشخانە نەماون و چارەسەریان وەرگرتووە."