ACDC: نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' هێشتا پرسێکی گەورەی تەندروستیی گشتییە لە ئەفریقا

رووداو - تەندروستی

ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەفریقا ACDC رایدەگەیێنێت، نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' هێشتا مەترسیێکی گەورەی تەندروستییە و نەخۆشییەکە تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵنەکراوە. 
 
ناوەندەکە ئاماژە بەوەدەکات، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' بەردەوام لە بەرزبوونەوەیە و لە ماوەی هەفتەی رابردوو زیاتر لە 450 تووشبووی نوێ و 53 گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکە تۆمارکراون. 
 
ژان کاسێیا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئامارەکان بەردەوام لە زیادبوونن، دۆخەکە پێویستی بە دەستێوەردانی دەرەکی هەیە لەنێویاندا ناردنی ڤاکسین بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە''. 
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەفریقا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 38 هەزار و 300 تووشبووی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' لە 16 وڵاتی کیشوەرەکەدا تۆمارکراون و لەگەڵ 979 تووشبوو گیانیانلەدەستداوە. 
 
بەپێی ناوەندەکە، غانا و زامبیا دوایین وڵاتن کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیان تێدا راگەیێندراوە.