کوردێکی دانیشتووی دانیمارک کار بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە مادە هۆشبەرەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە بیر و خەیاڵی زۆربەی دیاسپۆرانشینانی کوردستاندا پلانێک هەیە بۆ چوونەوە کوردستان و خزمەتکردنی نیشتمانی یەکەم، هەندێکیش هەن پلانەکەیان کردووەتە کردەوە.
شوان دەلۆیی، سەرۆکی رێکخراوی هاریکاریی مرۆڤایەتی، یەکێکە لەوانە کە لە دانیمارک دەژیت. لە کۆمەڵگەی دانیمارکیدا وەکو ددانساز سەرکەوتووە، بەڵام پێی گرنگ بووە لە کوردستانیش خزمەت بکات لە زۆر بواردا، بەتایبەتیش بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە مادە هۆشبەرەکان.
شوان لە رێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرا بوو، لەبارەی پرۆژە نوێیەکەی گوتی، "دوای ئەوەی لە مانگی شەشی ئەم ساڵ زانیمان بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، بڕیارمان دا لە رێگەی رێکخراوەکەمانەوە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر."
سەرۆکی رێکخراوی هاریکاریی مرۆڤایەتی گوتیشی، "لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوئاهەنگیداین و پڕۆژەیەکەمان ئامادە کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە مانگی حەوتی ئەم ساڵ لە رێگەی کۆڕ و سمینار و تاوەکو ئێستاش بەردەوامین لە کارکردن."
دەلۆیی دەشڵێت، "ئێمە وەک رێکخراوی OHC هاوکاریی مرۆڤایەتی لە 2012وە دەستمان بە کار کردووە و ئێستا سەتان پۆستەری هۆشیارکردنەوە و مەترسیی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرمان ئامادە کردووە بۆ هەموو تەمەن و قۆناخەکان، لە دوای هەڵبژاردن دەست دەکەین بە بڵاوکردنەوەیان لە هەموو ناوەندەکانی خوێندن بە هەموو قۆناخەکانییەوە."
شوان دەلۆیی روونیکردەوە، کە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زۆر بڵاوبووەتەوەو تەنانەت دەستبەسەر کارگەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەردا گیراوەو سەرەڕای ئەوەی زوو زوو بە کیلۆ دەست بەسەر ماددەی هۆشبەردا دەگیرێت.
دەلۆیی ئاماژەی بەوەش کرد، سوود لە ئەزموونی رێکخراوێکی ئەمریکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر کە لە چەندین وڵات کاری کردووە وەردەگرین، کە ئەزموونێکی زۆر باشی هەیە و کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە بگوازینەوە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی رێکخراوی هاریکاریی مرۆڤایەتی گوتیشی "لە هەرێمی کوردستان بە دوو قۆناخ کاردەکەین، یەکەم چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوە و رێگری لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، دووەم چۆنیەتی چارەسەرکردنی تووشبووانی مادەی هۆشبەر."