لە هەولێر خانمێک خۆی وەک پزیشک ناساندووە و ویستوویەتی فیلەر و بۆتۆکس بۆ خەڵک بکات

رووداو - تەندروستی

لە هەولێر خانمێکی 'عەرەب' ویستوویەتی 'بە نایاسایی' کاری جوانکاری {فیلەر و بۆتۆکس} بۆ چەند کەسێک بکات، بەڵام ئاشکرا بووە و زانراوە کە پزیشک نییە و مۆڵەتی کارکردنیشی نییە.
 
رۆژی هەینی 11ـی تشرینی یەکەمی 2024 لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان رایگەیاند، لەلایەن لیژنەکانیانەوە خانمێکی 'عەرەب'ـیان بە ناوی 'ن.م.م' دەستگیرکردووە کە ''لە بەغداوە هاتووەتە هەولێر، خۆی بە پزیشکی جوانکاری ناساندووە و لە سەنتەرەکەی ویستوویەتی فیلەر و بۆتۆکس بۆ 30 کەس بکات''.
 
ئەمڕۆ شەممە 12ـی تشرینی یەکەم د. ئامانج وەفایی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هەر کەسێک کلینیکی خۆی بکاتەوە، پێویستە مۆڵەتی کارکردنی لەلایەن سەندیکاوە پێبدرێت و تۆماربکرێت، بەڵام ئەم خانمە عەرەبە هیچ مۆڵەتێکی نەبووە و سەربەخۆ لە سەنتەرەکەی کاریکردووە.
 
د. ئامانج وەفایی دەڵێت: ''خانمەکە لەکاتی کارکردن بووە کە لیژنەی بەدواداچوونی سەندیکا سەردانیان کردووە''، تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە ئەو خانمە بەبێ کەسێکی پسپۆڕ لە سەنتەرەکەی، جوانکاری بۆ خەڵک کردووە.
 
لە کۆتاییدا د. ئامانج وەفایی بەم شێوەیە هاونیشتمانییان هۆشیاردەکاتەوە؛
 
1- لەلایەن کەسانێکی مۆڵەت پێدراو و شارەزاوە کاری جوانکاری بکەن.
2- هەمیشە لە شوێنی سەرەکی و باوەڕپێکراو کاری جوانکاری بکەن، چونکە ئەو شوێنانە کەلوپەلەکانیان کۆنتڕۆڵن و دوورن لە قاچاخ، هەروەها لەلایەن کەسانی شارەزاشەوە بەڕێوەدەبرێن.
3- بەهیچ شێوەیەک لە ئارایشتگە و نۆرینگەی لاکۆڵانەکان جوانکاری نەکرێت.
4- هەمیشە دڵنیایی لە کوالێتیی کەلوپەلەکان و شارەزایی ئەو کەسەی جوانکارییەکە دەکات هەبێت.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی ناحکومیی ئاران بۆ پەرەپێدانی کولتووری مەدەنی، لە هەرێمی کوردستان 241 سەنتەری جوانکاری هەن کە 90ـیان لە پارێزگای هەولێرن.
 
هەر بەپێی رێکخراوەکە، نرخی مادەی ئۆرجیناڵی دەرزیی بۆتۆکسی فەرەنسی یان سوێدی لەنێوان 70 بۆ 100 دۆلارە، بەڵام مادە ساختەکراوەکەیان تەنیا 20 دۆلارە.