زانکۆی دیوک لە ئەمریکا: رزگاربووانی جەڵتەی مێشک تووشی تێکچوونی کاتی خەوتن دەبن

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی سکوڵی پزیشکیی زانکۆی دیوک لە ئەمریکا دەریدەخات، زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی لە جەڵتەی مێشک رزگاریاندەبێت و چاکدەبنەوە، خەوێکی تەندروست و ئاساییان نابێت. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، تێکچوونی خەو وەکو کەمخەوی یاخود زۆر خەواڵوویی لە رزگاربووانی جەڵتەی مێشک باوە، رەنگە دەرئەنجامی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆی جەڵتەی مێشک بێت.
 
د. سارا حەسەنی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئەم ئەنجامانە هانمان دەدەن بتوانین پشکنین بۆ ئەو کەسانە بکەین و یارمەتی باشترکردنی کوالێتی خەویان بدەین''. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، خەوی ئاسایی بە شەش بۆ هەشت کاژێر خەوتن لە شەو پێناسە دەکرێت، بەڵام نزیکەی 1600 بەشداربووی توێژینەوکە کە رزگاربووی جەڵتەی مێشکن رۆژانە تووشی زۆرخەوتن یاخود کەمخەوتن دەبن.