توێژینەوەیەک: چەند مادەیەکی کیمیایی نێو بەرهەمە جوانکارییەکان باڵخبوون لە کچان پێشدەخەن

12-09-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی لە ئەمریکا دەریدەخات، چەند مادەیەکی کیمیایی کە لە بەرهەمە جوانکارییەکاندا هەن وەکو 'Musk Ambrette' ئەگەری زوو باڵخبوون لە کچان زیاددەکەن.
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، ئەمبرێتی میسک دەتوانێت تێکەڵ بە خوێن بێت و کاربکاتە سەر خانەکانی مێشک بۆ هاندانی چەند هۆرمۆنێک، بەمەش پرۆسەی باڵخبوون زووتر روودەدات لە کاتی ئاسایی خۆی. 
 
جەیمس تراڤەرس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''وریایی گرنگە بۆ دایک و باوکان تەنیا ئەو بەرهەمانە بۆ منداڵەکانیان بەکاربهێنن کە لەلایەن ناوەندی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA رێگەپێدراون''.
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەمریکا، کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا بەکارهێنانی ئەمبرێتی میسکیان سنووردار کردووە و لە لایەن FDA وەکو مادەیەکی سەلامەت دانپێدانەنراوە، بەڵام هێشتا لە هەندێک بەرهەمی جوانکاری لە بازاڕ و ماركێتەکان بەردەستە.
 
بەپێی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی لە ئەمریکا، پێشوەختە باڵخبوون مەترسیی تووشبوون بە قەڵەوی، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەی مەمک زیاددەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە