ئەپلیکەیشنێک هاوکاریی تووشبووانی نەخۆشی پارکینسن دەکات

12-09-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ئەپلیکەیشنەکە لەسەر موبایلێک.
ئەپلیکەیشنەکە لەسەر موبایلێک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەپلیکەیشنێکی موبایل لە شاری سیدنیی ئوسترالیا بەناوی "بە بڕواوە بڕۆ" دروستکراوە کە هاوکاری ئەوانە دەکات نەخۆشیی پارکینسنیان هەیە، تاوەکو بتوانن ئاسانتر بە رێگەدا بڕۆن.
 
مارتن ئوسترۆویسکی، حەوت ساڵە نەخۆشی پارکینسنی هەیە؛ نەخۆشییەکە ژیانی زەحمەت کردووە. بەڵام ئێستا دروستکردنی بەرنامەیەکی تایبەتی مۆبایل، رۆیشتنی ئاسانتر کردووە. 
 
مارتن ئوسترۆویسکی، تووشبووی نەخۆشی پارکنسن دەڵێت، "شتێکت هەبێت کە ئامێرێکە و بتوانیت پشتی پێ ببەستیت، ئەوەش کاتێک نەتوانی کاری رۆژانەت بکەیت، ورەت بەرزتر دەکاتەوە تاوەکو بچیتە دەرێ و زۆرتر بڕۆیت". 
 
پارکینسن نەخۆشییەکی کۆئەندامی مێشک و دەمارە؛ کاردەکاتە سەر جووڵەی جەستە. نیشانەکان لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕدرێن، بەڵام بە گشتی دەبێتە هۆی لەرزین، رەقبوون و ناهاوسەنگبوونیی جەستە. هەروەها ئەوانەی نەخۆشی پارکینسنیان هەیە، تووشی راڕایی و خەمۆکی دەبن.
 
وەک یەکەم قۆناخ، 62 نەخۆش کە پارکینسنیان هەیە، بەشدارییان لە قۆناخی تاقیکردنەوەی بەرنامەکەدا کرد و دوای ئەوەی بە سەرکەوتوویی بەرنامەکەیان بەکارهێنا، ئەپلیکەیشنەکە پەسندکرا و ئێستا بەردەستە. 
 
ماتیو برۆدی، پزیشکی بواری زانستی دەمارەکان دەڵێت، "هەرکاتێک ئەو ئەپە بەکاردەهێنیت، بەگوێرەی ئاوازێکی تایبەتی دەڕۆیت. کاتێکیش هەنگاوەکانت لەگەڵ ئاوازەکەیە، پەیامی هاندانت بۆ دێت و ئەمەش وا لە کەسەکە دەکات زیاتر بڕوای بە خۆی بێت و زیاتر هەنگاو بهاوێژێت و هەنگاوەکانی ئاساییتر بن. ئەمەش هەستی ئەرێنیت پێدەدات و دەتوانیت بەباشی بەرێگەدا بڕۆیت."
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی ئوسترالیا، نزیکەی 200 هەزار کەس لەو وڵاتە ئەو نەخۆشییەیان هەیە و لە سەرانسەری جیهانیش ژمارەکە نزیکەی 10 ملیۆنە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرمانەکە. وێنە: US Today

FDA هۆشداری دەدات لە دەرمانێکی باوی رەبۆ

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەرمانێکی رەبۆ کە زۆر بەکاردێت، ئەگەری تووشبوون بە چەند نەخۆشییەکی دەروونی زیاددەکات؛ هۆشداریش لەبەکارهێنانی دەدرێت.