تەندروستیی جیهانی: هەفتانە 1700 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیان لەدەستدەدەن
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا لە کارمەندانی تەندروستی و ئەوانەی تەمەنیان 60 ساڵ بەسەرەوەیە دەکات، ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن؛ دەشڵێت، ڤایرۆسەکە هێشتا لە هەفتەیەکدا هەزار و 700 کەس دەکوژێت.
رۆژی پێنجشەممە، 11-07-2024، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "هێشتا هەفتانە ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) هەزار و 700 کەس دەکوژێت."
تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرێسیەس، سەرۆکی رێکخراوەکە هۆشداریدا خەڵک پێویستە ڤاکسینی کۆڤید19 وەرگرن ئەگەرنا ژمارەکە بەرزتر دەبێتەوە.
سەرۆکی ئەو رێکخراوە گوتی: "داتاکان پێشانمان دەدەن چەندین کەسی سەرووی تەمەن 60 ساڵ و ئەوانەی لە نەخۆشخانەکان کاردەکەن ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. پێشنیاز دەکەین ئەوانەی لەو دوو گرووپەن، دوای 12 مانگ لە دوایین ڤاکسینیان، قورچکێکی دیکەی ڤاکسین وەربگرن."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی حەوت ملیۆن کەسی بەو ڤایرۆسە پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام شارەزایانی تەندروستی دەڵێن ژمارەکە زۆر زیاترە.
تەندروستیی جیهانی لە مانگی ئایاری 2023 رایگەیاند: "کۆڤید 19 وەکو پەتایەکی نێودەوڵەتی و جیهانی کۆتایی پێهاتووە."
ڤایرۆسی کۆڤید19 بۆ یەکەمجار لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە شاری وهانی چین بڵاوبوویەوە.
جگە لە کۆرۆنا، رۆژی 6-1-2024 ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان (CDC) لە ئەمریکا رایگەیاند، جۆرێکی نوێی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، چەند نیشانەیەکی گۆڕاوی هەیە و ناوی ڤایرۆسەکە JN.1ـە. بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گۆڕاوە نوێیەکە بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا بڵاوبووەتەوە.
د. ویلیام شافنەر، پسپۆری نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا دەڵێت: "ئەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا نیشانەکانی لاوازترن، بەڵام بەخێرایی دەگوازرێتەوە و خۆی لە بەرگریی جەستەدا دەشارێتەوە."
بەگوێرەی CDC، نیشانەکانی گۆڕاوە نوێیەکانی کۆرۆنا بریتین لە 'هەوکردنی قوڕگ، دەردراوی لووت، کۆکە، بێهێزی، سەرئێشە، ئازاری ماسوولکەکان، لەرز و تا'، بەڵام تووشبووانی جۆری JN.1 نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەواڵووییشیان هەبووە.