دووەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە کۆیە تۆمار کرا


رووداو دیجیتاڵ

تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە کۆیە تۆمارکرا. گوتەبێژی تەندروستیی قەزاکە دەڵێت، دۆخی تەندروستی جێگیرە.

رۆژی چوارشەممە، 12ـی تەممووزی 2023، هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ پشکنینی هاونیشتمانییەک گەڕایەوە لامان و دەرکەوت تووشبووی تای خوێنبەربوونە".
 
هاوکار عەلی گوتی، هاونیشتمانییەکە تەمەنی 19 ساڵە و کاسبکارە و ئاژەڵدار نییە. گوتیشی، "لەکاتی قوربانییدا مانگای خستووەتە ئۆتۆمبێلەوە و گومان دەکرێت لەوەوە تووشبووبێت".
 
گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە باسی لەوەشکرد، تووشبووەکە دانیشتووی قەزای کۆیەیە و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەژێر چاودێریی پزیشکدایە و تەندروستی جێگیرە.
 
ئەمە دووەم تووشبووی تای خوێنبەربوونە لە کۆیە تۆمار دەکرێت، کاتێک 25ـی مانگی رابردوو هاونیشتمانییەکی سنووری قەزاکە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە گیانی لەدەستدا.
 
تاوەکو 8ـی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان پێنج کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستدابوو کە هەموویان خەڵكی پارێزگای هەولێر بوون؛ هەروەها تووشبوونی 12 کەس کە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگای هەولێرن، دواتر پارێزگای دهۆک و دوای ئەویش پارێزگای سلێمانی بە تای خوێنبەربوون پشتڕاستکرابوونەوە.
 
26ـی حوزەیران سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بۆ چارەسەرکردنی تای خوێنبەربوون کۆمەڵێک دەرمان بەکاردێت، وەک ژیناو و دەرمانەکانی هەوکردن، بەڵام گرنگترینیان دەرمانی دژە ڤایرۆسی ریباڤارینە کە لە هەموو شوێنێک هەیە بە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانیشەوە."
 
وەزیری تەندروستی گوتی، ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆکاری خوێنبەربوون لە هەموو بەشەکانی لەشی مرۆڤ لەگەڵ تایەکی تووند و پێویستە لەو کاتانەدا راستەوخۆ نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، چونکە رێژەی مردن و پەککەوتن لە نەخۆشییەکە زۆرە؛ رێژەی مردن گەیشتووەتە 50٪ بۆ 60٪.
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا رەنگە ببێتە هۆکاری مردن. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.