رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سەرجەم بانکەکانی خوێن پێویستە پشکنینێکی نوێ بەکاربهێنن کە بتوانێت ئەو مشەخۆرانە دەستنیشانبکات کە دەبنەهۆی مەلاریا لە خوێنی بەخشەردا، ئامانج لەمەش رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی مەلاریا.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا دەڵێت، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی مەلاریا لە رێگەی خوێنەوە باو نییە، بەڵام هەر هەوکردنێک دەتوانێت نیشانەی تووند و تەنانەت مردنیشی لێبکەوێتەوە.
ناوەندەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، لە ساڵی 1963 تاوەکو 1999 تەنیا 93 حاڵەتی تووشبوون بە مەلاریا لە رێگەی خوێنبەخشینەوە لە ئەمریکا بڵاوبووەتەوە، بەڵام 10 لەو کەسانە گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مەلاریا نەخۆشییەکی تووندی تایە کە بەهۆی مشەخۆری پلازمۆدیۆمەوە دروست دەبێت، لە رێگەی پێوەدانی مێشوولەی تووشبووەوە بۆ مرۆڤەکان دەگوازرێتەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی دەڵێت، مەلاریا پرسێکی جیدیی تەندروستیی جیهانییە، تەنیا لە ساڵی 2022دا 249 ملیۆن تووشبووی مەلاریا تۆمارکراون و زیاتر لە 608 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ