لەنێو ستۆدیۆ رێگەکانی رزگارکردنی کەسێک لە خنکان رووندەکرێنەوە

رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پزیشکیی فریاکەوتن هۆشداریدەدات بەوانەی مەلە نازانن و دەچنە نێو ئاوەوە و دەڵێت: تاوەکو دڵنیایی تەواو لە سەلامەتیی لە کاتی مەلەکردن نەبێت، مەلە نەکرێت بەتایبەت شوێنە کراوە و رووبارە خێراکان.
ئەمڕۆ شەممە 12-4-2025 د. سۆلین کاوە، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە بووڵتەنی تەندروستیدا رێگەکانی رزگارکردنی کەسێک لە خنکان روونکردەوە بەم شێوەیە؛
- سەرەتا کەسەکە دەربهێندرێت لەنێو ئاوەکە و ببرێت بۆ شوێنێکی سەلامەت.
- دڵنیایی لە ئاگایی کەسەکە هەبێت، بە پێداکێشان یاخود چاودێریکردنی هەناسەدانی و بانگکردنی.
- ئەگەر کەسەکە وەڵامی هەبوو واتە هۆشدارە و جلوبەرگە تەڕەکانی لاببرێن و جلوبەرگی وشکی تێوە بپێچرێت، تاوەکو پلەی گەرمیی جەستەی دانەبەزێت.
- بەڵام ئەگەر کەسەکە توانای وەڵامدانەوەی نەبوو، ئەوا دڵنیادەبینەوە لە لێدانی دڵی و هەناسەدانی، ئەگەر نەخۆشەکە دڵی کاربکات، ئەوا دەبێت رێکارەکان بۆ کردنەوەی بۆڕی هەناسەی جێبەجێبکرێن.
- بۆ کردنەوەی رێرەوی هەناسەی کەسەکە، بە دەستێک نێوچەوانی و دەستێکی دیکە لەژێر چەناگەی دادەنرێت و سەری کەسەکە بەرزدەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر گومان هەبوو کە زەبری دەرەکی بەرکەوتبێت، ئەوا نابێت ملی بجوڵیندرێت.
- بۆ ئەوەی هەناسەی دەستکرد بۆ کەسەکە بکەین، پاش کردنەوەی بۆڕی هەناسە، دەبێت دەم بخەیتە سەر دەمی کەسەکە، بەجۆرێک بە تەواوەتی داخراو بێت و هیچ هەوایەک دەرنەچێت، بۆیە دەبێت لەکاتی فوو پێداکردندا سیی کەسەکە بەرزببێتەوە، خۆ ئەگەر بەرز نەبێتەوە، ئەوا مانای وایە هەناسەدانەکە سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام ئەگەر سەرکەوتووبێت ئەوا کەسەکە دەستدەکات بە کۆکین و ئاو لە دەمی دێتە دەرەوە، پاشان دەست بە هەناسەدان دەکاتەوە.
- ئەگەر زانرا کەسەکە کێشەی لە لێدانی دڵی هەیە، ئەوا دەستبەجێ پێویستە تەکنیکی سینگە دڵەبووژانەوەی بۆ بکرێت کە پێی دەگوترێت CPR و راستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی 122ـی تیمەکانی فریاکەوتن بکرێت.